بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران: لیستی مووچەی فەرمانبەران رەوانەی بەغدا کرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانیی هەرێمی کوردستانی رەوانەی بەغدا کرا.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوون و نیوەڕۆ لیستەکەیان رەوانەی بەغدا کرد."
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی (چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024)، ئاوات شێخ جەناب وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد "پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شەش بۆ بەغدا، هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق."
هێشتا بەغدا مووچەی مانگی پێنجی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکانی خەرج نەکردووە، ئەنجوومەنی وەزیرانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "داواکرا وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بەتایبەتیش کە لە دواهەنگاودا، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاریی پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە و، هیچ بيانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە."
لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش دەستی پێکردووە؛ بەڵام هێشتا پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە.