لە 3 مانگدا زیاتر لە 600 هێکتار دارستان و لەوەڕگەی ئیلام سووتاون

رووداو دیجیتاڵ 

ئاگری دارستانەکانی کەبیرکوهی ئیلام دوای دوو رۆژ و سووتانی 15 هێکتار دارستانی ناوچەکە کوژێندرایەوە. بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاودێریی ئیلامیش دەڵێت،لە سێ مانگی رابڕدوودا، زیاتر لە 600 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتاون.
 
مەجید بێگلەریان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام رۆژی چوارشەممە (26-06-2024) رایگەیاند، دوای 48 کاژێر ئاگری دارستانەکانی کەبیرکوه لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە و بە بەکارهێنانی دوو هێلیکۆپتەر کوژێندرایەوە. 
 
مەجید بێگلەریان گوتی: "بە پێی خەملاندنە سەرەتاییەکان، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی ئەم دواییە لە کەبیرکوه، زیاتر لە 15 هێکتار دارستان و لەوەڕگەی ناوچەکە سووتاوە."
 
لە لایەکی دیکەوە، یاسم خانمحەممەدیان، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاودێریی ئیلام رایگەیاند، "لە سێ مانگدا 35 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەو پارێزگایە تۆمارکراون و بەهۆیەوە 603 هێکتار دارستان و لەوەڕگە سووتان."
 
یاسم خانمحەممەدیان گوتی، "هەشت لەو رووداوانە بەهۆی هەورەبرووسکەوە بووە" کە شەشیان لە شاری ئەیوان بووە و دووانی دیکەش لە سنووری نێوان ئەیوان و شاری گێیەلانی سەر بە پارێزگای کرماشان بوون. جەختیشی لەوە کردەوە، "بەشێک لە ئاگرکەوتنەوەکان هۆکاری مرۆیی لە پشتە، کە یان بەهۆی بێباکی و کەمتەرخەمی بووە یانیش بەئەنقەست بووە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاودێریی ئیلام، "دوو کەس کە دەستیان لە ئاگرتێبەردانی دارستانەکاندا هەبووە، دەستبەسەرکراون و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون."
 
رووبەری پارێزگای ئیلام لە دوو ملیۆن هێکتار پێکدێت کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار هێکتاری دارستان و لەوەڕگەیە.