نزیکەی 20 هاونیشتمانیی کۆبانێ لەنێو بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکەی یۆنان بوون
رووداو دیجیتاڵ
لەنێو ئەو بەلەمەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە ئاوەکانی یۆنان نقومبوو، 20 هاونیشتمانیی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانی تێدابووە. محەممەد ئیمام کوڕەکەی دوای نقومبوونی بەلەمەکە بێسەروشوێن بووە و تائێستا بە حەسرەتەوە چاوەڕێی تەرمەکەیەتی.
محەممەد ئیمام، باوکی کۆچبەرێکی بێسەروشوێنبووی بەلەمە نقومبووەکەی یۆنان دەڵێت، "مەسعود بەدەست خراپیی دۆخی ئابوورییەوە دەیناڵاند و دەیگوت، داهاتی کارەکەی بەشی پێداویستییەکانی و کرێی خانووەکەی ناکات. ئەو چووە جەزائیر، بەڵام قاچاخچییەکان خنکاندیان. پێش رووداوەکە داوام لێکرد بگەڕێتەوە کۆبانێ، بەڵام ئەو دەیگوت ناگەڕێمەوە، چونکە دەبێت خزمەتی سەربازی بکەم بۆ رژێمی سووریا. لەدوای رووداوەکە حکومەتی سووریا هیچی رانەگەیاندووە دەربارەی گەڕاندنەوەی تەرمەکان. سەرجەم کەسوکاری قوربانییەکان چاوەڕێن تەرمەکانیان بگەڕێنەوە، بۆیە داوایان لێدەکەم بە زووترین کات ئەو کارە بکرێت تاوەکو لە خاکی خۆیان بنێژرێن."
لە 14ی ئەم مانگە بەلەمێکی ماسیگرتن بە نزیکەی 750 کۆچبەرەوە لەنزیک کەناراوەکانی باشووری یۆنان ژێرئاوکەوت و تەنیا 104 کۆچبەر رزگاریان بوو. بەگوێرەی بەرپرسانی یۆنانی زیاتر لە 500 کۆچبەری نێو بەلەمەکە بێسەروشوێنن.
سەبیحەش هاونیشتمانییەکی دیکەی کۆبانێیە؛ ئەو دۆشداماوە و چاوەڕێی هەواڵی گەڕاندنەوەی تەرمی براکەی دەکات، هەموو رێکارەکانی تەواو کردووە تاوەکو تەرمی براکەی بگەڕێنێتەوە و لە زێدی باوباپیرانی بەخاکبسپێردرێت.
سەبیحە کاکۆ، خوشکی کۆچبەرێکی بەلەمەکەی یۆنان دەڵێت، "بەلەمەکە بە قووڵایی 10 بۆ 30 کیلۆمەتر بەڕێکەوتبوو کاتێک ژێرئاوکەوت، ئێستاش ئێمە چاوەڕێی تەرمەکان دەکەین، نازانین کەی تەرمی براکەمان دەگەڕێندرێتەوە. 18 کەس لە کۆبانێوە لەگەڵ ئەو بوون لەنێو بەلەمەکە، تەنیا منداڵێک رزگار کرا."
بەگوێرەی بەرپرسانی یۆنانی تائێستا گیانلەدەستدانی 82 کۆچبەر پشتڕاستکراونەتەوە و زۆرترین کۆچبەرەکانی نێو بەلەمەکەش خەڵکی سووریا، پاکستان و میسر بوون.