رووداو - سۆران
چوار پێشمەرگە کە ماوەی ساڵێک و دوو مانگ لە ئێران دەستگیرکرابوون، ئەمڕۆ ئازاد کران و گەڕانەوە بۆنێو کەسوکاریان؛ لەکاتی گەیشتنەوەشیان شادی و گریانی پێشمەرگەکان و کەسوکاریان تێکەڵی یەکدی بوون.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران رایگەیاند، "ئیش و کارەکانیان تەواو بوو، حکومەتی ئێران ئەوانی بەخشی و ئەمەش فایلەکەیانە کە واژۆمان کردووە و رادەستکردنەوەمان وەرگرتن. هەر چواریان سەلامەتن و زۆریش خۆشحاڵن، زۆر سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت دەکەین بۆ ئەو کارە گەورەیە کە بۆ عەشیرەتی زراری کردیان."
ئەو چوار پێشمەرگەیە سێیان بران و ئەوی دیکەشیان کوڕی پووریانە. مانگی نیسانی ساڵی 2022 بۆ گەشتکردن چوونە ئێران، بە بیانووی گرتنی وێنە لە نزیکی چەند شوێنێکی سەربازیی ئێران دەستگیر کران؛ کەسوکاریان ئازادبوونیان بە جەژن و لەدایکبوونێکی دیکە ستایش دەکەن.
بەختیار محەممەد حوسێن، پێشمەرگەی ئازادکراو دەڵێت، "وا دەزانم ئەمڕۆ لەدایکبوومە، زۆر سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم، هیچ کات لەبیری ناکەین، هەستی خۆشم هی ئەو ئاڵایە و ئەو خاکەیە، خاکی پیرۆزی کوردستان ماچ دەکەم."
هەژار محەممەد حوسێن، پێشمەرگەی ئازادکراو ئاماژەی بەوە کرد، "چواردە مانگە ئەو منداڵەمم نەبینیوە، ئەمڕۆ پێی شادبوومەوە، ئەوەندە دڵخۆشم باوەڕ ناکەم و وا دەزانم خەونە."
بە گوتەی کەسوکاریان، لە ماوەی 14 مانگی زیندانیکردنیان، ئەو چوار پێشمەرگەیە چەندین جار بردراونەتە بەردەم دادوەر و سزاکەیان کەمتر نەبووە لە چوار ساڵ زیندانی، بەڵام بە هەوڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێران سزای لەسەر هەڵگرتن و ئازادی کردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ