سەربڕخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێ بەرامبەر ئاژەڵی قوربانی سەردەبڕن

27-06-2023
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکاری بۆ جەژنی قوربان دەستیپێکردووە و سەرجەم سەربڕخانەکان راسپێردراون بێ بەرامبەر ئاژەڵی قوربانی بۆ هاووڵاتییان سەرببڕن؛ بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەرییەکانیش تیمی گەڕۆکیان بۆ پشکنینی ئاژەڵی قوربانی پێکهێناوە.
 
17 سەربڕخانە لە پارێزگای ورمێ ئاژەڵی قوربانی سەردەبڕن
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان 17 سەربڕخانە بۆ وەرگرتنی ئاژەڵی قوربانی لە هاووڵاتییان لە هەموو شارەکان ئامادە کراون و بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگاکەش دەڵێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، رێوشوێنەکانمان تووند کردووە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەبێ پشکنینی ڤێتێرنەری ئاژەڵەکانیان سەرنەبڕن.
 
سەید ئومێد خەلیلزادە، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای ورمێ بە میدیاکانی راگەیاند، لە پارێزگای ورمێ پێنج سەربڕخانەی پیشەیی و 12 سەربڕخانەی بچووک ئامادە کراون بۆئەوەی لە رۆژی جەژنی قوربان بێ بەرامبەر ئاژەڵی قوربانی بۆ هاووڵاتییان سەرببڕن.
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵ و لەناو کۆڵانەکان قەدەخە کراوە و بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای ورمێ بۆ رێگری لە تووشبوون داوا دەکات هاووڵاتییان رەچاوی رێنوێنییەکان بکەن و ئاژەڵەکانیان رادەستی سەربڕخانەکان بکەن، وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ لە سەربڕخانەکان پزیشکی تایبەتمەند هەن بۆئەوەی پشکنین بۆ ئاژەڵەکان بکەن.
 
لە سنە 55 تیمی ڤێتێرنەری سەردانی گەڕەک و کۆڵانەکان دەکەن
 
لە پارێزگای سنە رێوشوێنەکان جیاوازن لە ورمێ، سەرباری ئەوەی سەربڕخانەکان بێ بەرامبەر ئامادەن ئاژەڵی قوربانی بۆ هاووڵاتییان سەرببڕن، هاوکات 55 تیمی ڤێتێرنەری ئامادە کراون بۆئەوەی لە گەڕەک و کۆڵانەکان چاودێری و پشکنینی ئەو ئاژەڵانە بکەن، کە خەڵک دەیەوێت لە ماڵەکانی خۆیان سەریان ببڕن.
 
محەممەد تاهیر پارسافەر، جێگری بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای سنە بە میدیاکانی راگەیاند، 110 پسپۆڕ و پشکنەری ڤیتێرنەری لە چوارچێوەی 55 تیمی گەڕۆک و جێگیر لە سەرجەم شار و شارۆچکەکاندا چاودێریی سەربڕینی ئاژەڵی قوربانی دەکەن.
 
جێگری بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی پارێزگای سنە گوتیشی، لەگەڵ سەرجەم سەربڕخانەکانی پارێزگا هاوئاهەنگییان کردووە بۆئەوەی لە رۆژانی جەژندا گواستنەوە و سەربڕینی ئاژەڵی قوربانی بۆ هاووڵاتییان بێ بەرامبەر بێت و ئەو ئاژەڵانەش لە گەڕەک و کۆڵانەکان سەردەبڕدرێن، بەتایبەتی لە گوندەکان، پێویستە بەر لە سەربڕینیان پشکنینیان بۆ کرابێت و بۆ ئەوەش دەبێت هاووڵاتییان خۆیان هاوکاربن.
 
11 مەیدانی ئاژەڵی کرماشان لەژێر چاودێریی ڤێتێرنەریدان
 
لە پارێزگای کرماشان رێوشوێنەکان بۆ جەژنی قوربان تووند کراون و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری لە مەیدانی ئاژەڵان پشکنین بۆ ئاژەڵ دەکەن و لەنێو شاری کرماشانیش دوو سەربڕخانە ئامادە کراون بۆئەوەی بێ بەرامبەر ئاژەڵی قوربانی بۆ هاووڵاتییان سەرببڕن.
 
حوسێن حەیدەری، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری پارێزگای کرماشان رایگەیاند، ئەمساڵ بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، 70 کارمەندی ڤێتێرنەریمان لە چوارچێوەی 42 تیم ئامادەکردوون و بە شێوەی گەڕۆک و جێگیر لە 11 مەیدانی ئاژەڵ و گەڕەکەکانی شاری کرماشان و 13 مەیدانی ئاژەڵی شارەکان پشکنین بۆ ئاژەڵی قوربانی دەکەن.
 
بە گوتەی حوسێن حەیدەری، لە 13 شاری پارێزگای کرماشان مەیدانی تایبەت بە ئاژەڵان لە تەنیشت سەربڕخانەی شارەکان دروستکراون و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەرییەکانیان راسپاردووە، لەنێو مەیدانی ئاژەڵانی ئەو شارانەدا پشکنین بۆ سەرجەم ئاژەڵەکان بکرێت تاوەکو بەر لە قوربانیکردنیان دڵنیا ببنەوە لە تەندروستییان.
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای کرماشان، لە رۆژانی جەژنی قوربان سەرجەم سەربڕخانەی شارەکان بێ بەرامبەر ئاژەڵی قوربانی بۆ هاووڵاتییان سەردەبڕن و بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆیان دەگوازنەوە بەر دەرگاکانیان، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەن بۆ تەندروستیی خۆیان "بە هیچ شێوەیەک لە کۆڵان و ماڵەکاندا ئاژەڵی قوربانی سەرنەبڕن."
 
39 تیمی ڤێتێرنەری لە پارێزگای ئیلام جێگیر دەکرێن
 
لە پارێزگای ئیلام رێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت لە ماڵەکانیان ئاژەڵی قوربانی سەرببڕن و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی پارێزگاکەش 39 تیمی تایبەتی بۆ چاودێری و پشکنینی ئاژەڵی قوربانی پێکهێناوە.
 
یونس ئەحمەدی، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای ئیلام دەڵێت، 19 تیمی ڤێتێرنەری جێگیر و 20 تیمی گەڕۆکمان بۆ چاودێریکردن لە رۆژی جەژنی قوربان ئامادە کردووە. ئەو تیمانە لە 65 کەس، 12 پزیشکی ڤێتێرنەری، 14 پشکنەری گۆشت و 12 چاودێری شەرعی پێکهاتوون.
 
ڤێتێرنەریی پارێزگای ئیلام داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە لە ماڵەوە ئاژەڵی قوربانی سەردەبڕن، بەر لەوەی ئاژەڵەکان سەرببڕن، پەیوەندی بە تیمە گەڕۆکەکانەوە بکەن بۆئەوەی ئاژەڵەکانیان بۆ بپشکنن و دەشڵێت؛ بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، بۆ ماوەی 24 کاژێر گۆشتی ئاژەڵەکە لەنێو بەفرگردا هەڵبگرن بۆئەوەی مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە کەم ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."