لە کەرکووک چوار کەس بەهۆی دوو شەڕ بریندار بوون

27-06-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، بەهۆی شەڕەوە چوار کەس بریندار بوون کە دووانیان منداڵن، لەسەر ئەو شەڕانەش کە چەکیان تێدا بەکارهێنراوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارێک دەرچووە و یەکێکیشیان دەستگیرکراو.
 
موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند "بەهۆی دوو شەڕی جیاواز لە کەرکووک، چوار کەس بریندار بوون، یەکێک لە شەڕەکان لە گەڕەکی رووناکی لەنێوان دوو کەس روویداوە. (ئـ.) کە کاسبە و لەدایکبووی ساڵی 1996ـە، دوای خواردنەوەی کهوول تەقەی لە کەسێک کردووە، کە پاسەوانی سەرۆککۆمارە و رانی راستی بریندار کردووە، لەو شەڕەدا ئافرەتێکیش بریندار بووە و یەکێک لە تۆمەتبارانی شەڕەکە دەستگیرکراوە و ئەوەی دیکەیان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە".
 
لەبارەی شەڕی دووەمیشەوە، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، بەهۆی دەمەقاڵێ و شەڕی نێوان دوو کەسەوە یەکێک لە شەڕکەرەکان چەند گوللەیەکی بە زەوییەوە ناوە، لە ئەنجامدا دوو منداڵ کە لەو نزیکە بوون، بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
 
بە گوتەی عامر نووری، شەڕەکەی دووەم لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە نێوان دوو کەس بووە، کە یەکێکیان پێشمەرگەیە و ئەوەی دیکەیان کاسب بووە، پێشمەرگەکە تەقەی کردووە، بەو هۆیەوە دوو منداڵ بریندار بوون. دواتر کەسوکاری دوو منداڵەکە لەلایەن پۆلیس سکاڵایان لەسەر تەقەکەرەکە تۆمار کردووە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە