کۆمپانیایەکی چینی: ئامادەین تەکنەلۆجیای 5G بهێنینە عێراق و هەرێمی کوردستان

 
رووداو - هەولێر

پێشانگەی تەکنەلۆجیا لە هەولێر بۆ ساڵی سێیەم بەڕێوەدەچێت. "هەموو شتێک بەیەکەوە دەبەستینەوە،" دروشمی خێراترین خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتە کە کۆمپانیایەکی چینی لە پێشانگەی هایتێکسی 2022 بەرزیکردووەتەوە، کە گەورەترین پێشانگەی ساڵانەی تەکنەلۆجیایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
رەفعەت ئەلخەفاجی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای هواوی لە عێراق چاوی لەوەیە لە هایتێکس رێککەوتنی گەورە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و دەڵێت، "ژمارەیەک کۆبوونەوەمان لەگەڵ حکومەت[ی هەرێمی کوردستان] کردووە بەتایبەت لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن. هەستی پێدەکەم کە دەیانەوێت تەکنەلۆجیای 5G بهێنینە ئێرە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نیە، وەکو هواوی هەمیشە ئامادەین، هەر کات بیانەوێت دەتوانین ئەو تەکنەلۆجیایە بۆ ناوچەکە دابین بکەین."
 
لە پێشانگەی تەکنەلۆجیی هایتێکسی 2022دا 152 کۆمپانیا لە 30 وڵات بەشدارییان کردووە. بەشێک لە پێشانگەکە ئەمساڵ تایبەت کراوە بەو گەنجانەی بیرۆکەی کاری تەکنەلۆجییان هەیە و 30 بیرۆکە خراونەتەڕوو، بۆ ئەو 30 بیرۆکەی کارە لە هایتێکس پێشبڕکێ دەکرێت و پێنج بیرۆکەی براوە لە کۆتایی پێشانگەکە بە بڕی 10 هەزار دۆلار پاڵپشتیی دارایی دەکرێن.
 
ڤان و ئەسرا لە بەشی خاوەن بیرۆکەکانن، ئەوان سیستمێکیان دروستکردووە بۆ تاقیکردنەوەی جلوبەرگ وەکو ئاسانکاری بۆ فرۆشگاکانی جلوبەرگ، تاوەکو کڕیارەکانیان پێویست نەکات جلوبەرگەکان لەبەربکەن و تاقیبکەنەوە.
 
ڤان سیروان، خاوەن بیرۆکەی کار دەڵێت، "خۆتان دەزانن لەوەتەی کۆرۆنا هاتووە، خەڵک نایەوێت جلوبەرگ تاقیبکاتەوە، یان جلوبەرگەکە لەکاتی تاقیکردنەوە شتێکی بەسەربێت، بۆیە ئەم سیستمانە بەکاردەهێنن، لەبەردەم ئاوێنە رادەوەستن و جلوبەرگەکان تاقیدەکەنەوە."
 
سەمەد عەبدوڵڵا، خاوەن پرۆژەی بچووک ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە ئەمڕۆ بە پرۆژەیەک بەشدارین بەناوی پرۆژەی وەن سیکیور، پرۆژەیەکی سایبەر سیکیوریتییە و تایبەتە بە پاراستن و دروستکردنی وێبسایت و ئەپلیکەیشن و تۆڕە بازرگانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئامانجمان ئەوەیە کە پاڵپشتییە داراییەکە ببەینەوە، کە بڕە پارەیەکە بۆئەوەی کۆمپانیایەکی سایبەر سیکیوریتی دروستبکەین."
 
لە یەکەم رۆژی پێشانگەکەدا زیاتر لە 12 هەزار کەس سەردانی هایتێکسیان کرد. ئارۆ دانا، سەردانیکاری هایتێکس دەڵێت، "بەشی پرۆژەی گەنجان زۆر زۆرم بەدڵ بوو، چونکە بەڕاستی ساڵانی پێشوو نزیکەی چوار بۆ پێنج پرۆژە بوو، بەڵام ئەمساڵ زۆر زۆر زیاتر بووە."
 
هایتێکسی 2022 بە هاوبەشیی روانگە و سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو تاوەکو 30ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.