دانیشتووانی گوندی باسفرێ داوای دوورخستنەوەی شەڕی پەکەکە و تورکیا دەکەن

28-06-2021
ئەیوب نەسری
ئەیوب نەسری
بۆردوومانی فڕۆکە و تۆپبارانکردن زیانی لە هاونیشتمانیانی گوندەکە داوە
بۆردوومانی فڕۆکە و تۆپبارانکردن زیانی لە هاونیشتمانیانی گوندەکە داوە
نیشانەکردن گوندی باسفرێ شەڕی پەکەکە و تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فڕۆکەکانی تورکیا گوندی باسفرێ لە ناحیەی ئەترووش و چیای خێرێ-یان لە سنووری قەزای شێخان بۆردوومانکرد. پارچەی گوللـەکان کەوتوونەتە نێو چەند ماڵێکی گوندی باسفرێ و شووشەی پەنجەرەی شکاندوون و ئاگریش لە شاخەکانی نزیک گوندەکە کەوتووەتەوە. 
 
خەڵکی گوندەکە لەترسی بۆردوومان ناتوانن ئەو ئاگرە بکوژێننەوە، چونکە دەترسن جارێکی دیکە تورکیا ناوچەکە بۆردوومان بکاتەوە. 
 
خەمێ سەعدی، هاونیشتمانییەکی ئەو گوندەکەیە و سەرقاڵی پاککردنەوەی ماڵەکەیەتی، چونکە بەهۆی بۆردوومانی تورکیا زیان بەر خانووەکەیان کەوتووە. پەیامنێری رووداو دەڵێت: فڕۆکەی تورکیا کەمتر لە 700 مەتر ماڵی هاونیشتمانییەکەی بۆردوومانکردووە. 
 
خه‌مێ سه‌عدی ئاماژە بەوە دەدات کە لەکاتی بۆردوومانەکەدا زۆر شڵەژاوە و دەستی بە هاوار کردووە و ترساوە لەوەی خانووەکە بەسەریاندا بڕووخێت. 
 
رێباز هاونیشتمانییەکی دیکە و لەکاتی بۆردوومانەکە لەگەڵ منداڵەکانی لە دەرەوەی ماڵ دانیشتبوو و دەڵێت، ساچمەی بۆردوومانەکە لەنزیکی ئەوان کەوتووە و سەلامەت دەرچوون، بەڵام "بۆردوومانەکە ترسی لای منداڵەکان دروستکردووە."
 
بەهۆی بۆردوومانی تورکیا ئاگر دەوروبەری سێ گوند دەسووتێنێت و هاونیشتمانیانی ئەو گوندانەش ناتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە و دەڵێن، ترسمان هەیە لە دووبارە بۆردوومانکردنەوە و تاوەکو ئاگرەکە نەگاتە نزیکی گوند ناتوانن بیکوژێننەوە.
 
محیه‌دین ره‌مه‌زان، هاونیشتمانییەکی دیکەی و دەڵێت، ئەو شوێنەی بۆردوومانکراوە و ئاگری لێکەوتووەتەوە سماق (ترش)، قەزوان و گۆیژی لێکراوە و لەترسی بۆردوومانیش ناتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە. 
 
گوندی باسفرێ 55 کلیۆمەتر لە سنووری باکووری کوردستان دوورە، لە ماوەی 24 کاژێردا جگە لە چیای خێری، فڕۆکە و تۆپخانەکانی سوپای تورکیا گەلی قومرێی و نزیکی گوندی هروورێیان لە دەڤەری بەرواری باڵا و گوندی روسێی لە نزیک کۆمەڵگەی بێگوڤا بۆردوومانکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە