کەشناسی: شەپۆلی گەرما کوردستان ناگرێتەوە

27-06-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن کەشوهەوا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هیچ شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە.
 
ئەژی چەتۆ، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سبەی دووشەممەوە، تاوەکو کۆتایی هەفتە شەپۆلێکی گەرما ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەگرێتەوە و لە هەندێ ناوچە پلەی گەرما تاوەکو 52 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئەو شەپۆلە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
 
ئەژی چەتۆ ئەوەشی گوت، "لەم هەفتەیەدا پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 40-45 پلە دەبێت، بەڵام لە سنووری کەرکووک و گەرمیان رەنگە بگاتە 46 پلە".
 
بەپێی پێشبینییەکانی فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پلەی گەرما لە هەولێر لەنێوان 43-45 پلە و لە سلێمانی لەنێوان 41-45پلە و لە دهۆک لەنێوان 40-43 پلە دەبێت.
 
نزمترین پلەی گەرمای تۆمارکراوی ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەولێر 28 پلەیە، لە سلێمانی 28 پلە، لە کەرکووک، 32 پلە، لە دهۆک 27 پلە و لە هەڵەبجەش 25 پلەیە.
 
هاوکات فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بەرادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەکەن پلەکانی گەرما لە هاوینی ئەمساڵ بگەنە 60 پلەی سیلیزی راست نیین، هیچ ساڵێک پلەی وابەرز نەبووەو پێشبینیش ناکرێت وا بەرزببنەوە، ئێستا شەپۆلێکی گەرما هەیە کە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە، سبەی دووشەممە لە هەولێر پلەکانی گەرما 43-44 و سلێمانی 43-44 و پارێزگای هەڵەبجە 42-43 و کەرکووک و گەرمیان 45-46 دەبێت".

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان گوتیشی:" رۆژی سێشەممە پلەکانی گەرما کەمێک نزمدەبنەوە و پێشبینیدەکرێت لە رۆژی چوارشەممە دیسان بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن، کە دوو پلە بەرزدەبنەوە لە گەرمیان پلەکانی گەرما لەنێوان 47-48 و هەولێر 45-46 پلە دەبێت".

لەبارەی پێوانی پلەکانی گەرما و باسکردنی ژمارەی جۆراوجۆر لەلایەن هاونیشتمانیانەوە، فازڵ ئیبراهیم گوتی:" هاونیشتمانیان بەهەڵە پلەکانی گەرما دەپێون، چونکە بەرزترین پلەی گەرمی دەبێت لە کاژێر02:00ـی دوا نیوەڕۆ تاوەکو 04:00ـی دواینیوەڕۆ بپێورێت، لە رووی زانستییەوە دەزگاکانی کەشناسی شێوازی پلەی گەرمی لە رێگەی هەواوە وەردەگرن، ئەو شوێنەی پلەی گەرمی تێدا دەپێورێت نابێت قەتیس بوونی گەرمای تێدا بێت و نابێت تیشکی خۆریش راستەوخۆ بەر گەرمی پێوەکە بکەوێت."

بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئەوەشیخستەڕوو، کە پێویستە هاونیشتمانیان لە 12:00ی نیوەڕۆ تاوەکو 04:00ی ئێوارە ئەگەر زۆر پێویست نەبێت خۆیان نەدەنە بەر تیشکی خۆر.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە