منداڵێکی شوانکار بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێک گیانلەدەستدەدات


رووداو دیجیتاڵ

منداڵێکی شوانکار لە گوندی عوزێر بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێکی پاشماوەی چەکدارانی داعش گیانلەدەستدەدات.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-06-2021 لە دەوروبەری کاژێر 11:00 لە گوندی عوزێری سەر بە ناحیەی گرعزێر لە باشووری چیای شنگال، منداڵێکی تەمەن 14 ساڵ بە ناوی سەلمان سەبری خەلیل لە کاتی شوانکاریدا نارنجۆکێک دەدۆزێتەوە کە گومان دەکرێت پاشماوەی چەکدارانی داعش بێت، لە کاتی دەستکاریکردنی نارنجۆکەکە پێیدا دەتەقێتەوە.
 
دوای تەقینەوەکە سەلمان بەسەختی بریندار دەبێت و دەگەیێندرێتە نەخۆشخانەیەکی تەلعەفەر، بەڵام گیانلەدەستدەدات. ئێستا تەرمی مێرمنداڵەکە لە پزیشکی دادی موسڵە و ئەمڕۆ بۆ شنگال دەگەڕێنرێتەوە.
 
دوای ئازادکردنی شنگال، سەتان پاشماوەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا ماون، ماوەی چەند ساڵێکە چەند رێکخراوێک بە یارمەتیی سوپای عێراق دەستیان بە پاککردنەوەی ئەو ناوچانە کردووە کە تاوەکو ئێستا دەیان کەس بەهۆیانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رووداو هەوڵی داوە پەیوەندی بە پۆلیسی ناحیەی گرعزێر بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە.