پارتی: هێرشەکەی سەر هەولێر بۆ تێكدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستانە

27-06-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن هێرشی سەر هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی سەر گوندێکی هەولێر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەڵێت، "ئەو كارە تیرۆریستییانەی ئەو گرووپە تێكدەر و لە یاسادەرچووانە بە تووندی سەركۆنە دەكەین.. كە مەبەست لێیان نانەوەی پشێوی و تێكدانی سەقامگیریی و ئاسایشی هەرێمی كوردستانە."
 
هێرشەکە بەرەبەیانی رۆژی شەممە بوو، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەمڕۆ یەکشەممە راگەیێندراوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، "بەداخەوە ئەو كار و كردەوە نایاسایی و تێکدەرانانە بۆ چەندین جارە دووبارە دەبنەوە، بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە رێگری لەو گرووپ و ھێزانە بکات کە مەرامیان تێکدانی سەقامگیریی کوردستان بەتایبەتی و عێراقە بەگشتی."
 
تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاونەکردووەتەوە. 
 
پارتی دەشڵێت، "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم كارە تیرۆریستییانەی ئەو گرووپە تێكدەر و لەیاسادەرچووانە بەتووندی سەرزەنشت و سەركۆنە دەكەین و پێمان وایە پێویستە بۆ لەمەودوا هەموو لایەك و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و حكومەتی فیدراڵی بەجددی كاربكەن بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە و رێگرتن لەو جۆرە كار و پەلامارە تیرۆریستییانە."
 
شەوی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لەبارەی هێرشی سەر گوندێکی سنووری هەولێر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان رایگەیاند، "سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە سەرکۆنەی هێرشە ترسنۆکەکەی سەر هەولێریان کرد، بەڵام سەرکۆنەکردن بەس نییە و پێویستە وەڵامی ئەم کارە تێکدەرانەیە بدرێتەوە."
 
لە تویتەکەیدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی نووسیبوو، "بەردەوامبوونی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە کە لە لایەن گرووپە لە یاسادەرچووەکان ئەنجام دەدرێن، شكۆ و توانای دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و سەقامگیریی عێراقیش تێکدەدات."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی سرووشتی سەردەشت.

پاراستنی ژینگەی سەردەشت: هەوای سەردەشت پیس نییە

پاراستنی ژینگەی سەردەشت رەتیدەکاتەوە هەوای ئەو شارە رۆژی هەینی لە ئاستی ئێراندا پیسترین بووبێت و دەڵێت، ئەو هەواڵەی لەبارەی مەترسیداربوونی هەوای سەردەشت بڵاوبووەتەوە، راست نییە.