عێراق رێگەنادات هەرێمی کوردستان دادگا بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش دابمەزرێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێک رێگە لە هەرێمی کوردستان دەگرێت دادگا بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش دابمەزرێنێت و ئەوە بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان نازانێت، راوێژکارێکی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت دوای ئەو بڕیارە لەرووی یاساییەوە هەرێمی کوردستان ناتوانێت دادگاکە دابمەزرێنێت.
 
کرمانج عوسمان، راوێژکار لە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " دادگای باڵای فیدڕاڵی بە بڕیارێک هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەوڵانەی راگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان ماوەیەکە گرتوونیەتییەبەر بۆ ئەوەی دادگایەکی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش".
 
سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، کرمانج عوسمان گوتی: "پاساوی دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ بڕیارەکەی پرسی دامەزراندنی دادگای لەو جۆرە پەیوەندیی بە سەروەریی عێراوە هەیە، جگە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت دادوەر و داواکاری گشتیی ناعێراقی دابمەزرێنێت، لەراستیشدا ئەمانە هەمووی راستن و بڕیارەکەی دادگاکەی باڵا دروستە، راستە پاش بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئیدی ناتوانین دادگاکە دابمەزرێنین، بەڵام وەزارەتی داد روونکردنەوەی لەسەر ئەو پرسە دەبێت".
 
لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕالی عێراق ئەوە هاتووە هەرێمی کوردستان ناتوانێت دادگای تایبەت دابمەزرێنێت، بەڵام کرمانج عوسمان دەڵێت ئەو دادگایەی هەرێمی کوردستان کاری بۆ دامەزراندنی دەکرد دادگای تایبەتمەندبوو، نەک دادگای تایبەت.
 
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، رۆژی 13ی ئەم مانگە بە بڕیاری ژمارە 71 ئەوەی یەکلاییکردەوە کە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دادگای تایبەتی نییە بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی داعش و بەپێی بڕیارەکەی "دادگاکە دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەر و داواکاری گشتیی هەیە کە هەڵگری وەلاتینامەی عێراقی نەبن و دەسەڵاتی سەپاندنی سزای لە سێدارەدانی هەیە جگە لە دەسەڵاتی لەسەر هاوڵاتیانی عێراقی و بیانییش  هەبێت"، کە بەلای دادگاکەوە یاسا کارپێکراوەکانی عێراق ئەو دەسەڵاتانەیان بە هەرێمی کوردستان نەبەخشیوە.
 
رۆژی 28ی نیسانی 28ـی ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای دادگای تاوانكاریی تایبەت بە تاوانەكانی داعشی لە هەرێمی كوردستان پەسەندكرد، کە لە 33 ماددە پێکهاتبوو.
 
پێشتر لە پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی چەندین لایەنی نێودەوڵەتی و دیپۆماسی و یاسایی گفتوگۆ لەسەر دامەزراندنی ئەو دادگایە کرابوو، کە تایبەت بوو بە دادگاییکردنی چەکدارانی داعش لە هەرێمی کوردستان.