رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سوپای تورکیا بەقووڵایی 20 تاوەکو 40 کیلۆمەتر و سوپای ئێرانیش بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر خاکی هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە و بارەگای سەربازییان دروستکردووە. دەشڵێ حکومەتی عێراق لە سنووربەزاندنی خاکی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراونەتەوە.
لیوا بابەکر فەقێ، گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تەلەڤزیۆنی رووداو لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بە ئامانجی لێدان لە بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سوپای تورکیا لە سێگۆشەی سنووریی نێوان تورکیا، عێراق و ئێران ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی دەستپێکردووە و دەڵێ "ئەم کردەوەیە پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و بەتایبەت سەروەریی هەرێمی کوردستانە". گوتەبێژەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ "ئیدانەی ئەو هەڵوێستە و ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا دەکەین".
رۆژی 15ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان راگەیاند، دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بەناوی "چڕنووکی پڵنگ" لە ناوچەی حەفتانین دەستپێکرد. لە رۆژی 10-6-2020 بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنووری شیلادزێ و کانی ماسێ، پێنج هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا. هەروەها رۆژی پێنجشەممە 25-6-2020 بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر سەیرانگەی کونەماسی لە قەزای شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە ئامانجی بۆردوومانەکە ئۆتۆمبێلێکی گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک بوو، گەریلایەک کوژرا و شەش هاونیشتمانیش برینداربوون.
لیوا بابەکر فەقێ دەڵێ، ئۆپەراسیۆنەکە دڵەڕاوکێی لە ناوچەکە دروستکردووە و حکومەتی عێراقیان لە هەموو زانیارییەک ئاگادارکردووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا گوتی "لەرێگەی ناوچە سنوورییەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە کە یەکەی 80ی لێیە، سوپای تورکیا لەو ناوچانەوە سنووری نەبەزاندووە، بەڵکو لە ناوچەی سندی و گوڵی تاوەکو دەگاتە سێگۆشەی خواکوڕک و شوێنەکانی دیکە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجامدەدرێت، لەو ناوچانە بەقووڵایی 20 تاوەکو 40 کیلۆمەتر خاکی هەرێمی کوردستانیان بەزاندووە."
بەپێی پڕۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی، هەر وڵاتێک کاتێک هێز دەجووڵێنێت یان ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامدەدات، وڵاتی دراوسێ ئاگاداردەکاتەوە، بەڵام وەک لیوا بابەکر فەقێ گوتی"هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا نەبووە" و بەپێویستی دەزانێت ئەو هاوئاهەنگییە هەبێت و دەڵێ "بۆئەوەی ئێمە لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا لە رێگەی دیالۆگەوە ئاگادار بکەینەوەو ئەو پێشێلکارییانەش بەشێوەیەکی زەق رووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەروەریی خاکی عێراق نەبێتەوە".
تەنیا سوپای تورکیا نییە ئەم ماوەیە تۆپباران و بۆردوومانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی کردبێت، بەڵکو سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە دیوی سنوورەکانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تۆپباران دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لەوبارەیەوە دەڵێت "ئێران هاوتەریب لەگەڵ ئەم ئۆپەراسیۆنەی تورکیا ، تۆپبارانی ناوچەکانی حاجی ئۆمەران و ناوچەی دەوروبەری قەندیل دەکات". لەبارەی هاتنە پێشەوەی سوپای پاسدارانیش گوتی "وەکو هێز، ئەوان هێزەکانیان پێشووتر لە زنجیرە چیاکانی قەندیل زیاتر لە 10 کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و لەوێ بارەگای سەربازییان دامەزراندووە."
ئێستا باس لەوە دەکرێت ، کە حکومەتی تورکیا لە هەوڵی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامە بە درێژایی 40 کیلۆمەتر، کە لە ناوچەی شەمزینانی سەر بە گەڤەر تاوەکو ناوچەی قلەبانی سەر بە شرناخ درێژدەبێتەوە و سنوورەکانی باشوور و باکووری کوردستانیش دەگرێتەوە. لیوا بابەکر فەقێ لەو بارەیەوە دەڵێ "هەموو وڵاتانی ناوچەکە ئەگەر بگەڕێن بۆخۆی ئارامییەک هەیە، ئەوە ئەوانن نائارامی و پشێویی دەخەنە وڵاتەکەوە، چەندین گوند چۆڵکراون و خەڵک ئاوارە بوون و زیانی کشتوکاڵییان کردووە".
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە پەکەکە و تورکیا دەکات سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان بپارێزن و دەڵێ "بەداخەوە پەکەکە لەجیاتی چالاکییەکانیان بخەنە نێو سنووری باکووری کوردستان، کەچی جێگیر دەبن لە سێگۆشەی سنووری، بۆیە ئەوە دروستدەبێت کە تورکیاش ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات".
ئێوارەی رۆژی هەینی 26-6-2020، سوپای تورکیا بە هەلیکۆپتەر هێزی سەربازیی لە چیای خامتیر دابەزاندووە، کە نزیکە لە خاڵێکی پاسەوانی سنووری عێراقی لە گوندی شەرانش. زێرەڤان مووسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دابەزاندنی ئەو هێزە ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دانیشتووانی سنوورەکە دروستکردووە".
چیای خامتیر لە ناحیەی دەرکارە کە سەر بە قەزای زاخۆیە، چیاکە پێنج کیلۆمەتر لە گوندە ئاوەدانەکانی ناحیەکەوە دوورە.
بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا و جێگیربوونی هێزی سەربازیی تورکیا لە چیای خامتیر و تۆپباران و بۆردوومانی بەردەوامیش لە ناوچەکە تەنیا لەم چەند رۆژەدا، زیانی ماددیی بە 12 گوندی ناحیەی باتیفا گەیشتووە و گوندێک بەتەواوی چوڵکراوە و سێ گوندی دیکەش مەترسیی چوڵکردنیان لەسەرە. لە سەرەتای شەڕی ئەو دوولایەنەش لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان، 519 گوند چۆڵکراون، کە 363 گوندیان لە پارێزگای دهۆکن، 118 گوند لە پارێزگای هەولێر و 40 گوندیش لە سنووری پارێزگای سلێمانین.
Rudaw Digital
Edit by: Bahez Kamil
Edit by: Bahez Kamil
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ