وەستا رەسوول: کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتی یەکلاکەرەوە دەبێت

رووداو-هەولێر 

وەستا رەسوول، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی ناوی بەربژێرەکانی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە پارتی داوە و کۆبوونەوەی داهاتوو بە ئەرێنی بێت یان نەرێنی، بۆ ئەو پرسە یەکلاکەرەوە دەبێت.

وەستا رەسوول، کە هاوکات فەرماندەی پێشمەرگەیە لە سنووری کەرکووک، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رادیۆی رووداودا گوتی "یەکێتی ناوی بەربژێرەکانی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە پارتی داوە، کۆبوونەوەی داهاتووش بە ئەرێنی بێت یان نەرێنی، بۆ ئەو پرسە یەکلاکەرەوە دەبێت. ئەگەر پارتی و یەکێتی رێکبکەون، عەرەب و تورکمان خۆیان دێنە نێو رێککەوتنەکەوە، چونکە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا کوردن".

لەبارەی جموجۆڵەکانی داعش لە سنووری کەرکووک، وەستا رەسوول گوتی "لەڕاستیدا داعش بنبڕنەکراوە، تەنیا وەکو سنووری حوکمڕانی کۆتایی پێهاتووە، ئەگینا لە پێشتر بەهێزترە و ئێستاش بە تەواوی خۆی رێکخستووەتەوە، لەنێو گەڕەکە سوننەنشینەکانی کەرکووکیشدا شانەی نووستوویان هەیە، بۆیە ئەگەری روودانی هەر شتێک هەیە بۆ سەر کەرکووک".

ئەوە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد "هەڵمەتی تەعریبکردنی کەرکووک بە پیلان بەڕێوەدەچێت، تەنانەت تورکمانێکی زۆری تەلەعفەریش دەهێنرێتە شارەکەوە".