لە بانە دەستڕێژی گوللە لە پێنج ژنی کورد کرا

27-06-2016
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو - هەولێر

پۆلیسی ئێران لە نزیک شاری بانە بە بیانووی بوونی کەلوپەلی قاچاخ دەسڕێژی گوللەیان لە پێنج ژن کرد، لەئاکامدا ژنێکیان کوژرا.

ئەو رووداوە ئێوارەی یەکشەممە 26-6-2016 لە نزیک گوندی بۆیەن روویدا، لەکاتێکدا پۆلیس لەهەوڵی ئەوەدابوو ئۆتۆمبێلێکی کاسبکاران رابگرێت و دەستبەسەر کەلوپەلەکانی نێویدا بگرێت.

کۆمەڵێک ژن هەوڵیاندا رێگە لە پۆلیس بگرن، بەڵام پۆلیس راستەوخۆ تەقەی لێ کردن. لە ئاکامی ئەو تەقەکردنەشدا ژنێکی 26 ساڵ گیانی لەدەستدا، بریندارەکانیش رەوانەی نەخۆشخانەی سنە کران.

هاوکات پۆلیس کۆمەڵێک کاسبکاریشی دەستبەسەر کرد، یەکێک لەو کاسبکارە دەستبەسەرکراوانە بەناوی حەمە هەڵۆ هێشتا ئازاد نەکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە، بەڵام ئەوانی دیکە دوای چەند کاژێرێک ئازاد کراون.

بەپێی گوتەی گەواهیدەران نزیکەی هەفتەیەکە هێزە سەربازییەکانی ئێران گوشاری زۆریان بۆ سەر خەڵکی ناوچە سنوورییەکان، بە تایبەت کۆڵبەر و کاسبکارەکان هێناوە.

دوو هەفتە پێش ئێستاش لە نزیک بانە، پۆلیس تەقەی لە کۆمەڵێک کاسبکار کرد لە ئاکامدا کەسێک بەناوی یەحیا سەمەدی، کوژرا و کاسبکارێکی دیکەش بریندار بوو.

ئەو کاسبکارانە لە لایەن هێزێکی تایبەتەوە تەقەیان لیکرابوو کە لە سنەوە رەوانەی شاری بانە کرابوو، تاوەکو دەستبەسەر کەلوپەل و باری خەڵکی کاسبکاردا بگرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە