رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی بەشێک لە قسەکانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئیدارەی راپەڕین دەداتەوە و بە "چەواشەکاری" وەسفی دەکات.
بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی قسەکانی د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئیدارەی راپەڕین دەداتەوە کە شەوی 20ـی ئەم مانگە لە بەرنانەی لەگەڵ رەنج-ی تۆڕی میدیایی رووداو کردی.
لە روونکردنەوەکەدا بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەو وەزارەتە لەبارەی کڕینی پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی و ئامێری پزیشکی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت: لە رۆژی 14ـی نیسان، نووسراو کراوە و لە 23ـی نیسان گەیشتووەتە وەزارەتەکەیان.
دەشڵێت، رۆژێک دوای گەیشتنی، نووسراوەکە نێردراوەتە لیژنەی هەڵسەنگاندنی نرخ، رۆژی 30ـی نیسان لە لیژنەکەوە نێردراوەتە بەڕێوەبەرایەتی خەرجییەکان و وردبینی بۆ کراوە، هەمان رۆژ پەسەنەدکراوی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خەرجییەکان کراوە. رۆژی دووی ئایاریش بە پەسەندکراوی ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری پەسەندیکردووە و رۆژی 6ـی ئەم مانگە وەزیری دارایی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی نەگەڕاوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە روونکردنەوەکەدا دەڵێت: هیچ کەمتەرخەمییەک لەلایەن ئەوانەوە بۆ دواکەوتنی دۆسییەکە نەبووە؛ "هۆکارەکە خودی وەزارەتی تەندروستییە کە درەنگ و لە کۆتایی مانگی نیسان نووسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کردووە."
لە بەرنامەکەدا د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین و ئەندامی ئەنجوومەنی وەزارەتی تەندروستی لە بەشێكی قسەكانی باسی لەوە كرد، بۆ چاکكردنی سەربانی نەخۆشخانەی قەڵادزێ كە دڵۆپە دەكات، داوای بڕێك پارەیان لە وەزارەتی دارایی كردووە؛ "وەڵامی وەزارەتی دارایی لە نوكتەیەك چووە، چونكە پێیان راگەیاندوون 80% دڵۆپەكانی سەربانەكە ببڕن با 20% بمێنێ، ئاشكرایە وەزارەتی دارایی بۆ پرۆژەكانمان پارە خەرج ناكات، تاوەكو ئێستا رەزامەندی كڕینی دەرمانی ساڵی 2024 مان بۆ نەهاتووە."
وەزارەتی دارایی لە روونکردنەوەکەیدا، لەبارەی ئەو قسەیەوە دەڵێت: "سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی سەربان لە نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی قەڵادزێ، بە نووسراویان ژمارە ( 11652 لە 3-9-2019 ) داوای خەرجکردنی بڕی (3,662,500 ) دیناریان کردووە، بەڕێوبەرایەتی ئەندازە بەپێی دەرخستەی هاوپێچ و بەپێی نرخی بازاڕ، بڕی پارەی داواکراوی داشکاندووە بۆ بڕی ( 23,420,000) دینار، وەک قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە رێژەی 20٪ـی دراوەتێ بەپێی رێنماییە داراییەکان بەبڕی (4,684,000) دینار.
دەشڵێت، دواتر بە نووسراویان ژمارە ( 1592 لە 20-2-2022 ) وەکو قۆناخی دووەم و کۆتایی پرۆژەکە رێژەی 80٪ـی پارەکەی پێدراوە بە بڕی (18,736,000) دینار واتە رێژەی 100٪ پارەکەی وەرگرتووە، "جێی سەرسوڕمانە ئەو بەڕێزە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ئیدارەیەکی سەربەخۆیە و بەبێ هیچ زانیاری و شارەزاییەک لە رێنمایی دارایی و ژمێریاری بکەوێتە بەخشینەوەی تۆمەت بۆ وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانمان ."
هەروەها ئاشکراشی دەکات: "ئێستا نووسراوێکی دیکەیان بە ژمارە ئۆنلاینی (26881) بە بڕی (31,200,000 ) دینار بۆ جاری دووەم لەماوەی کەمتر لە سێ ساڵ بۆ هەمان مەبەست کردووە، واتە چارەسەرکردنی کێشەی هەمان سەربان لە نەخۆشخانەی فێرکاری شەهیدانی قەڵادزێ و لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری کاری لەسەر دەکرێت."
رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ دەرچووانی بەشە تەندروستییەكان، ناونیشانی بەرنامەی 19ـی ئەم مانگەی لەگەڵ رەنج بوو. چارەنووسی خۆبەخشانی تەندروستی و كەی دادەمەزرێن؟ سیستەمی تەندروستی كوردستان، خراپی بینای نەخۆشخانەكان، ژمارەی پەرستاران كەمە یان زیادە؟ ئاستی زانستی پەرستاران. ئەمانە ئەو مژارانەبوون كە لەم بەرنامەیەدا گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ