بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ زیانی بە کۆمپانیاکانی بواری ڤیزا گەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو مانگە بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانی کۆمپانیاکەی میران وەستاوە، کە تایبەتە بە بەدواداچوون بۆ کاروباری نشینگە و ڤیزا بۆ بیانییەکان.
راگرتنی پێدانی ڤیزا و کارتی نشینگە بە بیانییەکان، کۆمپانیاکانی خستووەتە ژێر باری سزای دارایی و وەستانی مامەڵەی وەرگرتنی کارتی نشینگە و ڤیزا بۆ بیانییەکان.
میران شێخ عومەر، خاوەن کۆمپانیا دەڵێ "بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، وای کردووە ئێمە کارەکانمان رابگرین و کارمەندەکانمان بنێرینەوە ماڵەوە. وەزارەت داوامان لێدەکات خۆمان بیانییەکان بهێنین و بیانێرینەوە، بەڵام خۆ ئێمە لایەنی جێبەجێکارنین."
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بە بڕی 3 ملیار و 600 ملیۆن دینار، نزیکەی 200 کۆمپانیای تایبەت بە بەدواداچوونی کاروباری نشینگە و ڤیزا بۆ بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان، خستووەتە ژێر باری پێبژاردنی دارایی.
گۆران فەرحان، خاوەن کۆمپانیا دەڵێ "ئێستا، من 250 کەسم لایە کە بیانین و داوای ڤیزا و کارتی نشینگەیان کردووە، هەموو مامەڵەکانمان تەواوکردووە کەچی لە نشینگە کارتیان پێنادرێت، ئێمە سزای دارایی دەدەرێن و دەبێت بۆ هەرکەسێک 2 ملیۆن دینار بدەین."
وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی سێ ساڵدا دوو بڕیاری بۆ لێخۆشبوونی کۆمپانیاکان لە سزای دارایی و بڕیارێکیشی بۆ راگرتنی ڤیزا دەرکردووە، خاوەن کۆمپانیاکان دەڵێن بڕیارەکانی لێخۆشبوونەکان جێبەجێ نەکران و، بڕیاری راگرتنی ڤیزاشی هاتەسەر.
خاوەن کۆمپانیایەکی دیکە بەناوی پێدار بامەڕنی داوا لە وەزیری ناوخۆ دەکات "پێداچوونەوەیەک بە بڕیارەکەیان بکەن، چونکە کۆمپانیاکان زیانی مادی زۆریان بەردەکەوێت، بەلایەنی کەمەوە لەو دوو ملیۆنەی لێمان وەرگیراوە، ملیۆنێکمان بۆ بگەڕێننەوە."
ئێستا، هەزار و 800 بیانی کە خەڵکی سووریا، مەغریب، ئۆکراینا و کازاخستانن لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی کارتی نشینگە ماونەتەوە، هەموویان ڤیزای مانگیان تەواوبووە و، ناچارن بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.