سینەما نەورۆز سیمبوولێکی دهۆک بوو؛ 24 ساڵە داخراوە و 'بووەتە زبڵدان'

رووداو دیجیتاڵ 

هەرجارێک سلیمان بەبەردەم سینەما نەورۆز تێپەڕ دەبێت، کەمێک دەوەستێت و اخێک هەڵدەکێشێت بەهۆی ئەوەی ئەو شوێنە کە 14 ساڵ کاری تێدا کرد و بە یەکێک لە سیمبوولەکانی دهۆک دادەنرا، بووەتە وێرانە.
 
سلێمان بیر لە بەردەم سینەما داخراوەکەدا بیر لەو رۆژانە دەکاتەوە، کە هەرکاتێک فیلمێکی نوێ دەهات، پڕ دەبوو لە بینەر، بەڵام ئێستا بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی زبڵ؛ هەرچەندە 24 ساڵە داخراوە، بەڵام کەس خۆی لێ بە خاوەن نەکردووە. 
 
سلێمان حەبەش، کارمەندی پێشوو لە سینەما نەورۆز دەڵێ "من لە کارمەندە یەکەمەکانی سینەماکە بووم، 14 ساڵ کار لێ کرد . هەرکاتێک فیلمیکی بەهێز دەهات، نزیکەی 700 کەس دەهاتن، هەندێکجاریش بە یەکجار 1000 کەس لە سینەماکە سەیری فیلمیان کردووە."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سلێمان حەبەش  گوتی "بەداخەوە خەڵک چی لەو سینەمایە کردووە، بووەتە زبڵدان، بەڕاستی دڵم دەسووتێت، ئێستا من شەوانیش خەونی پێوە دەبینم."
 
بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای دهۆک زۆر هەوڵی داوە ئەو سینەمایە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دهۆکە، بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی سینەما بۆ خزمەتکردنی فێستیڤاڵی دهۆک، چونکە شوینەکەی لە نێوەڕاستی دهۆکە، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون. 
 
عادل عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری پێشووی سینەمای دهۆک بە رووداوی گوت "داواکاریمان ئامادەکرد و گەیاندمانە پارێزگاری دهۆک تاوەکو سینەما نەورۆز بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی سینەما، پارێزگار لیژنەیەکی پێکهێنا و لیژنەکە هەموویان و پارێزگاریش واژۆیان کرد."
 
ئەو شوێنەی کاری گواستنەوەکەی لێ وەستاوە، بە گوتەی عادل عەبدولرەحمان "لیژنەی شارەوانیش واژۆیان کرد، تەنیا سەرۆکی شارەوانی نەبێت، نازانم بۆچی واژۆی نەکرد، هەر هاوڕێیەکی بەڕێوەبەرایەتیی سینەما ئەو داخوازییەی کردووە، سەرینەگرتووە، نازانم بۆچی."
 
ئێستا، تەنیا یەک سینەما لە دهۆک کراوەتەوە، کە سەر بە کەرتی تایبەت.