لە دوو مانگدا بە بەهای زیاتر لە 271 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە سنووری میهرانەوە هەناردە کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری گومرکی ئیلام دەڵێت، لە دوو مانگی رابردوودا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە بەراورد بە ساڵی پار 21% زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 271 ملیۆن دۆلار.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایاری 2024 سوهراب کەمەری، سەرپەرشتیاری گومرکی ئیلام رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا (لە 21-03-2024 تاوەکو 21-05-2024) بڕی 546 هەزار و 227 تۆن کەلوپەل بە بەهای 271 ملیۆن و 982 هەزار دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە.

سوهراب کەمەری گوتی، بەراورد بە ساڵی پار، هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە لەڕووی نرخەوە 21% و لەڕووی کێشەوە 13% زیادیکردووە. گوتیشی، زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی هەناردەی دەرەوە کراون بریتین لە بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان، ئامێر و کەرەستەی تایبەت بە وێستگەکانی وزە، کاشی، سیرامیک، بەرهەمە پلاستیکییەکان، سەوزە و میوە.

سەرپەرشتیاری گومرکی ئیلام ئاماژەی بە قەبارەی هەناردەی ساڵی رابردوو لە رێگەی دەروازە سنووریی میهرانەوە کرد و رایگەیاند، پار بایی یەک ملیار و 811 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی میهرانەوە هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکە کراوە.

دەروازەی سنووریی میهران یەکێک لە سەرەکیترین دەروازە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە ساڵانە زۆرترین هەناردەی ئێران لە دەروازە سنوورییەکانەوە لەو دەروازەیەوە دەکرێت.