چیای ئاسۆس بۆردوومان کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای ماوەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەڵێت، چیای ئاسۆس لە سنوورەکەیان بۆردوومان کراوە.
 
ئەمڕۆ دەنگێکی بەرز لە سنووری چیای ئاسۆس بیسترا. بەشێکی خەڵک لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گوێبیستی دەنگەکە بوون؛ هەروەها دەنگۆی بیستنی دەنگی بەرز لە قەزای چۆمانیش هەیە.
 
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ تەپۆڵکەیەک لە سنووری چیای ئاسۆس بۆردوومان کرا، کە شوێنەکە ناوی کوریسە."
 
قایمقامی ماوەت ئاماژەی بەوەش كرد، بۆردوومانەکە "هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە"؛ هەروەها نەبووەتە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەش.
 
لەبارەی بیستنی دەنگ لە سنووری چۆمان لە پارێزگای هەولێر؛ ئەحمەد بارزان، قایمقامی قەزاکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەنگۆکە راست نییە و بە دڵنیاییەوە بەدواداچوونی زیاتریش دەکەین."
 
بۆردوومانی چیای ئاسۆس ئاشکرا نەبووە کە لەلایەن چی وڵاتێکەوە بووە، بەڵام لە رابردوودا چەند جارێک بە پاساوی بوونی گەریلاکانی پەکەکە، سوپای تورکیا ئەو ناوچانەی بۆردوومان کردووە.