رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی پارێزگای دهۆک دەڵێت، رێژەی بێکاری لە پارێزگاکە بەرزە و هۆکارەکەیشی بۆ هەبوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر دەگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رێژەی بێکاری لە دهۆک 15%یە و پلاندانانی عێراقیش دهۆکی بە هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستان پۆلێن کردووە.
شێرزاد هرووری، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی دهۆک ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژدا، کە لە دهۆک پێشکێش کرا، ئاماژەی بەوە کرد، "هۆکاری سەرەکیی رێژەی بێکاری لە دهۆک، ژمارەی زۆری ئاوارە و پەنابەرانە."
زیاتر لە 14 کێڵگەی نەوتی لە پارێزگای دهۆکن، ئەوەش وێڕای ئەوەی گرنگترین دەروازەی وشکانیی عێراقی لەگەڵ تورکیا و ئەورووپا هەیە؛ بەڵام چەندین ساڵە بەرزیی رێژەی بێکاری یەخەی خەڵکی پارێزگاکەی بەرنەداوە. رووپێویی پلاندانانی عێراق دیاریکردووە، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای دهۆک بەدەر لە ئاوارەکان، نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەسە؛ رێژەی زۆری بێکاری لەنێو دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکاندایە.
خانەیەکی بەساڵاچووان لە دهۆک هەیە، بەڵام بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی ئەو پارێزگایە دەڵێت، "زۆرینەی ئەوانەی لە خانەی بەساڵاچووانی دهۆکن، خەڵکی دەرەوەی دهۆکن. خەڵکی ئێمە پارێزگارییان لە بنەماکان و کولتووریان کردووە و زۆر بە دەگمەن خەڵکی دهۆک لە خانەی بەساڵاچووانن. ئەوانەی لەو شوێنەن کەسوکاریان نییە."
بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا دەستیان کردووە بە دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان و رێساکانی وەرگرتنی پەنابەرانیان تووند کردووە. بەشێکی ئەوانەی دیپۆرت دەکرێنەوە، هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانن و ماوەیەک لەمەوبەر چاودێریی کۆمەڵایەتی دهۆک شوێنی بۆ خێزانێکی دیپۆرتکراوە دابینکرد. شێرزاد هرووری دەڵێت، "شوێنمان بۆ ئەو خێزانە دابینکرد و ئێستا لە شوققەیەک دەژین و مووچەیەکی شەش مانگی و پێداویستییەکانی دیکەیان بۆ دابینکراوە. هەر خێزانێک دیپۆرت بکرێتەوە رێگە نادەین بکەوێتە سەر شەقام."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ