‏وەزیری کشتوکاڵ: ‏داوامان لە حکومەتی عێراق کردووە گەنمی زیاتر لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "بۆ ‏چارەسەركردنی کێشەی کەمیی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، ‏پەیوەندیمان بە بەرپرسانی حكومەتی عێراقەوە كردووە ‌و داوامان کردووە گەنمی زیاتر لە جووتیاران وەربگیرێت". گوتیشی، "بڕیارە داواكارییەكەمان بگاتە ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق".‏
 
‏بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی ‏كوردستان رۆژی شەممە، 27-5-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پشكی وەرگرتنی گەنمی ‏جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ 375 هەزار تۆن دیاریكراوە کە زۆر ‏كەمە ‌و گوتیشی، "بۆیە پەیوەندیمان بە لایەنی پەیوەندار لە حكومەتی ‏عێراق كردووە و داوای زیادكردنی ئەو پشكەمان كردووە، چونكە گەنمی ئەمساڵ زۆر لەو بڕە زیاترە كە دیاریكراوە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت".‏
 
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ئاماژەی ‏بەوەش کرد کە بڕیارە داواكارییەكەیان بگاتە لای سەرۆکوەزیرانی عێراق و‏ گوتی، "بڕیارە داواكارییەكەمان كە داواكاریی جووتیارانی هەرێمی ‏كوردستانە، بەم نزیكانە بگاتە لای ‏محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چاوەڕێی وەڵامێكی ئەرێنێ‌ دەكەین".‏
 
بڕیار بوو رۆژی پێنجشەممە، 25-5-2023، وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ بکردایە، بەڵام دواتر وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کێشەی تەکنیکی و نەگەیشتنی "سیدی" ناو و زانیاری لەبارەی جووتیارانەوە بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بڕیار دراوە رۆژی شەممە لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی گەنم دەستپێبکات. لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ شەممە وەرگرتنی گەنم دەستیپێکرد.