راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی عێراق-ئێران سەردانی سلێمانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەردانی سلێمانی بکات. ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی یاداشتی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانە کە ئاداری ئەمساڵ واژۆیان کرد.

رۆژی شەممە، 27ـی ئایاری 2023، نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنی سەردانی سلێمانی دەکات و تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی یاداشتی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان دەبێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شاندەکەی عێراق پێکهاتووە لە بەرپرسانی باڵای پاسەوانی سنوور، هەواڵگریی عێراق و نوێنەرانی هێزی ئاسمانی و وشکانیی عێراق.
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2023، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە سەردانێکی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو کاتی ئێراندا بۆ عێراق، پرۆتۆکۆلێکی ئەمنی بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی و پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات واژۆکراوە. میدیای ئێرانیش وەک ئاماژەیەک بۆ پارتە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوکات بڵاویکردەوە، "لەمەودوا ئەو لایەنانەی لە نێو هەرێمی کوردستاندا کاری تێکدەرانە دەکەن، رووبەڕووی کارە نابەرپرسیارێتییەکەیان دەبنەوە."
 
راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیگوت، "بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران، پرۆتۆکۆلێکی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا، کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی عێراق بە نوێنەرایەتیی عێراق و شەمخانییش بە نوێنەرایەتیی ئێران واژۆیان کرد."
 
نوسینگەکەی سوودانی راشیگەیاند، "پرۆتۆکۆلەکە پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان دوو وڵات و بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنی هاوبەش لە چەندین بواری ئەمنیدا لەخۆدەگرێت."