رووداو دیجیتاڵ
کەرنەڤاڵی ساڵیادی بەپارێزگابوونی دهۆک بەڕێوەچوو و خەڵکی لە چین و توێژە جیاجیاکانەوە بەشدارییان تێدا کرد و داوای خزمەتگوزاریی زیاتریان بۆ پارێزگاکە کرد.
دامەزراوەی حکومی و کەرتی تایبەت بەرهەمە خۆماڵییەکانیان لە کەرنەڤاڵەکەدا نمایشکرد؛ نموونەیەک لە بەرهەمی نێوخۆی دهۆک کە چاوەڕواندەکرێت رەوانەی دەرەوەش بکرێت، زریپۆشی سەربازییە.
ئەنوەر ئەتروشی، خاوەنی کۆمپانیای دروستکردنی زریپۆشە و دەڵێت، زریپۆشەکان "100٪ بەرهەمی دهۆکن و سێ جۆری ئەم ئۆتۆمبێلەمان هەیە. بەنیازین رەوانەی دەرەوەش بکەین، بەڵام ئەوە لەسەر بڕیاری حکومەت ماوەتەوە."
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی دەسپێکردنی کەرنەڤاڵەکە، کەسە بەتەمەنەکان، گەنج و منداڵەکان ئامادە بوون.
بەشداربووانی کەرنەڤاڵەکە داوای خزمەتگوزاریی زیاتریان بۆ پارێزگای دهۆک کرد.
ئەحمەد زێوەیی، پیاوێکی خانەنشینە و دەڵێت، "شتە سەرەکییەکان بۆ پێشڤەچوونی شارەکان ئەمانەن: فڕۆکەخانە، رێگەوبان، پرد و بەنداو" و داوا دەکات ئەو خزمەتگوزاریانە لە دهۆک پەرەیان پێبدرێت.
فەیسەڵ کادیر، قوتابییە و باس لەوە دەکات، "لە هەولێر خزمەتگوزاریی زۆر دەکرێن، لە دهۆکیش دەکرێن، بەڵام وەکو پێویست نین."
دهۆک لە ساڵی 1969 بووەتە پارێزگا و لەو کاتەوە، خواستەکانی خەڵکی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە رووداوی گوت، "بە تایبەتی لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا، هیچ کەمتەرخەمییەک بەرامبەر بە دهۆک نەکراوە، دهۆک شایەنی لەمە زیاترە، چونکە پێش قەیرانی دارایی ژمارەیەک پرۆژە لە پارێزگاکانی دیکە کراون و لە دهۆک نەکراون. هەندێ شت ماون کە دەبێت لە داهاتوودا بۆ دهۆک بکرێن کە بریتین لە: فڕۆکەخانەی دهۆک و دروستکردنی هەندێ بەنداوی گەورەیە کە دەتوانم بڵێم کارەکانیان بەباشی بەڕێوەدەچێت و هیوامان وایە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنیان بکرێت."
بێجگە لە پێشاندانی بەرهەمە خۆماڵییەکانی دهۆک، ژمارەیەک لە دیارترین ئەو کەسانەی خزمەتی پارێزگاکەیان کردووە خەڵاتکران و بە بڕگەی هوونەری کۆتایی بە کەرنەڤاڵەکە هێنرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ