50 عەرەبی هاوردە سکاڵا لەسەر جووتیارانی کوردی گوندی تۆپزاوای کەرکووک تۆماردەکەن
رووداو دیجیتاڵ
50 جوتیاری عەرەبی هاوردە، سکاڵایان لەسەر جوتیارانی کورد لە گوندی تۆپزاوای کەرکووک تۆمارکرد و داوای رووبەری 580 دۆنم زەوی دەکەن.
مام عەبدوڵڵا، یەکێکە لە جوتیارەکانی گوندەکە و لەکاتی دروێنەی زەوییەکەیدا، لەلایەن پۆلیسەوە ئاگادارکرایەوە دەست لە کارەکەی هەڵبگرێت و سەردانی نزیکترین بنکەی پۆلیس بکات.
عەبدوڵلا محەممەد، خەڵکی گوندی تۆپزاوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "باوکم و باپیرم لێرە و لەسەر ئەم زەوییە لەدایک بوون، ئێستا تۆ (عەرەبی هاوردە) دێیت و داوای قەرەبووم لێدەکەیت! بە بڕیاری دادگا و نووسراو دەهێنن کە ئەو گرێبەستانەی کردوویانن دەبێت قەرەبووی لەسەر وەربگرنەوە و، لە ساڵی 2003ـوە بەدەست کام جوتیار بێت، دەبێت قەرەبوو بدات، بڕی قەرەبووەکە 400 ملیۆن و 500 ملیۆن دینارە".
عەرەبی هاوردە داوای قەرەبووی 20 ساڵ بەکارهێنانی ئەو زەوییانە دەکەن، کە موڵکی کورد بوون، بەڵام لە ساڵی 1975ـدا بەعەرەبی هاوردە دراون و لەدژی ئەم کارەش بەشێکی جوتیارانی کوردی تۆپزاوا، مانگرتنیان راگەیاند.
سامی مەعرووف، نوێنەری جووتیارانی تۆپزاوا دەڵێ "دەمانەوێ هەوڵی ئەوەمان بۆ بدەن لە رێگەی دادگەی باڵا و بەڕێز فایەق زێدان (سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق)ـەوە، بڕیارەکانی دادگەی کەرکووک رابگرن و لە رێگەی وەزیری کشتوکاڵیشەوە هەوڵبدەن نوێکردنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان رابگرن، چونکە گەیشتووەتە ئاستێک، کە ئیدی قبوڵ ناکرێت".
شەش پارێزەری کورد بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم کێشەیە نوێنەرایەتیی جوتیارانی کورد دەکەن و، وەکو خۆیان دەڵێن، دەستتێوەردانی پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە، رێگرن لە بەردەم هەنگاوەکانیان.
شکار مەردان، یەکێک لەو پارێزەرانەیە و گوتی "ئەم هەنگاوە نەک تەنیا تۆپزاوا، بەڵکو داقووق، لەیلان، سەرگەڕان، دووبز، تازە و تەقتەقیش دەگرێتەوە و پاڵپشتن بەو نووسراوانەی لە ئیدارەی کەرکووک و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووکەوە دەردەچن، کە پاڵپشتیی عەرەبی هاوردە دەکەن، ئەوەش گەورەترین کێشەیە بۆ ئێمە".
رووبەری ئەو زەوییانەی عەرەبی هاوردە سکاڵایان لەسەریان تۆمارکردووە، زیاتر لە 135 هەزار دۆنم زەوییە و دەکەوێتە ناوچەکانی: دوبز، یایچی، تازە، تۆپزاوا و لەیلان لە سنووری پارێزگای کەرکووک.