عومرەکارێکی خەڵکی سلێمانی لە مەککە گیان لەدەستدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری مەککەی سعودیە، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سلێمانی کە بۆ بەجێهێنانی عومرە لەو وڵاتە بوو گیانی لەدەستدا. بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی دەڵێت، "هەر لە مەککە بە خاک دەسپێردرێت." 
 
رۆژی هەینی 27ـی ئایاری 2022، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هاونیشتمانییەکە ناوی حەمدیە تۆفیق رەسوڵە و لەدایکبووی 1951ـە." 
 
سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی گوتی، هیچ هۆکارێک بەو نەگوتراوە و "ئەگەر هەیە" بە شێوەیەکی سرووشتی و لەناکاو گیانی لەدەستدابێت.
 
رۆژی هەینی 17ـی ئایاری 2022، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کاروانەی عومرەکاران کە ئێستا لە وڵاتی سعودیەن دوایین کاروان دەبن و تاوەکو 2ـی حوزەیران هەموویان دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان؛ بۆ ماوەی دوو مانگ گەشتەکانی عومرە بەهۆی ئامادەکارییەکانی حەجەوە رادەگیرێن."