لیتوانیا: بێلارووس لە رێگەی کۆچبەری ئێرانی و عێراقییەوە گوشار دەخاتە سەر یەکێتیی ئەوروپا

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی لیتوانیا پڕۆژەیاسایەکی بۆ رێگری لە هاتنەناوەوەی کۆچبەری نایاسایی بۆ وڵاتەکەی پەسند کرد. هەنگاوەکەی لیتوانیا وەکو بەشێک لە هەوڵی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هاتنی کۆچبەری نایاسایی بۆ نێو وڵاتەکە لێکدەدرێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 25-04-2023 ئاگنی بایلۆتەیت، وەزیری نێوخۆی لیتوانیا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "کاتێک بابەتێک دەچێتە نێوان ئاسایشی نیشتمانی و مافی مرۆڤ، چارەسەرێکی ئاسان لە ئارادا نییە، بەڵام هەڵبژاردەیەکی دیکەشمان نییە." گوتیشی، "وڵاتەکەمان پێویستە خۆی بپارێزێت."
 
لیتوانیا لە 2021ـەوە هەزاران کۆچبەر و پەناخواز، کە زۆربەیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقاوە چوونەتە ئەو وڵاتە، دیپۆرتکردووەتەوە. کۆچبەرەکان هەوڵدەدەن لە رێگەی لیتوانیا، لاتڤیا و پۆڵەنداوە بچنە نێو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە.
 
یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، مەترسی هەیە بێلارووس بۆ تۆڵەکردنەوەی ئەو سزایانەی رۆژئاوا بەسەر مینسکدا سەپاندوویەتی، رێگەدان بە کۆچبەری نایاسایی بۆ نێو یەکێتیی ئەوروپا وەکو گوشار بەکاربهێنێت.
 
رۆژی 4ی نیسانی ئەمساڵ وەزارەتی نێوخۆی لیتوانیا رایگەیاند، لە ئابی 2021ـەوە 20 هەزار هەوڵی چوونەژوورەوەی کۆچبەریان بۆ نێو وڵاتەکەیان راگرتووە. دەشڵێن، هێشتا پاسەوانانی سنوور رۆژانە رێگە لە هاتنەناوەوەی دەیان کەس دەگرن.
 
پۆڵەنداش دەڵێت، لە 2022دا 15 هەزار هەوڵ و لە 2021دا 40 هەزار هەوڵی چوونەژوورەوەیان بۆ نێو وڵاتەکەیان راگرتووە.
 
ئاگنی بیلۆتەیت ئاماژەی بەوەش کرد، زانیارییان هەیە بێلارووس خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ ئێران و عێراق کە گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ لە نێوانیاندا دروست بکات. گوتیشی، "ئەمە مەترسیی هاتنی شەپۆلی نوێی کۆچبەر بۆ سنوورەکان دروستدەکات."
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان نیگەرانی بڕیارەکەی لیتوانیان. هەفتەی رابردوو رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، جێبەجێکردنی بڕیارەکە "گڵۆپی سەوز بۆ ئەشکەنجەدان" هەڵدەکات.
 
هەرچەندە پڕۆژەیاساکە لەلایەن پەرلەمانی لیتوانیاوە پەسند کراوە، بەڵام هێشتا پێویستی بە واژۆی سەرۆکی وڵاتە بۆئەوەی ببێتە یاسا. چالاکڤانانی مافی مرۆڤیش دەڵێن، گوشار دەخەنە سەر سەرۆک ڤیتۆی بڕیارەکە بکات.
 
یوراتێ جۆسکای، سەرۆکی ناوەندی مافی مرۆڤی لیتوانیا دەڵێت، "ئەم پرۆژەیاسایانە لە دژی هەردوو یاسای نێودەوڵەتی و پابەندبوونەکانی خۆشمانە". گوتیشی، پڕۆژەیاساکە دوورە لە رەوشتەوە و ژیان و تەندروستیی ئەو کەسانە دەخاتە مەترسییەوە کە هەوڵی چوونە ژوورەوە بۆ لیتوانیا دەدەن.
 
ساڵی رابردوو لیتوانیا پەرژینێکی ئاسنینی لە سنوورەکەی لەگەڵ  بێلاڕووسدا دروستکرد کە 550 کیلۆمەتر درێژە و چوار مەتر بەرزە؛ سنووری نێوان هەردوو وڵاتەکە 700 کیلۆمەترە.
 
گێڕانەوەی کۆچبەر لەسەر سنوور تەنیا لە لیتوانیا نییە. پۆڵەنداش لە چەند ساڵی رابردوودا چەند جارێک رێگری لە چوونی کۆچبەر لە سنووری بێلاڕووسەوە بۆ نێو وڵاتەکەی کردووە.