لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای سنە شەش کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە رێگەی سەوڵاوا و کامێران لە پارێزگای سنە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی شەش کەس.
 
رووداوەکە لە رێگەی سەوڵاوا-کامێران لە پارێزگای سنە لە نزیک بەنداوی زێوییە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 27-04-2023) لەنێوان مینی پاسێک و بارهەڵگرێکدا، روویدا.
 
تاوەکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی و پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنە لەبارەی هۆکاری رووداوەکە و ژمارەی قوربانییان هیچ زانیارییەکیان رانەگەیاندووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە خەڵکی ناوچەکە دەستی کەوتووە، شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، پێنجیان سەرنشینی مینی پاسەکە بوون و یەکێکیشیان شۆفێری بارهەڵگرەکەیە. سێ کەس لە قوربانییان خەڵکی کامێران و سێ کەسەکەی دیکەش خەڵکی مەریوانن. هەروەها دوو کەس لە سەرنشینانی بارهەڵگرەکە بە سەختی برینداربوون و تەندروستییان ناجێگیرە و بۆ نەخۆشخانەیەکی کرماشان گوازراونەتەوە.
 
مینی پاسەکە لەڕێگەی نێوان مەریوان بۆ کامێران کاری کردووە و رۆژانە خەڵکی لەنێوان دوو شارەکە گواستووەتەوە.