بەمنزیکانە دەروازەیەکی دیکەی سنووری لەنێوان باکوور و باشووری کوردستان دەکرێتەوە

27-04-2023
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەروازەی زێتێ کە دەکەوێتە نێوان باشوور و باکووری کوردستان و لە دیوی باکوورەوە ناوی دەروازەی سنووریی گرانەیە، ئامادەکارییەکانی کردنەوەی خەریکە تەواو دەبن و بڕیارە "پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە مانگی داهاتوودا، بکرێتەوە".

بریکاری وەزیری بازرگانیی تورکیا، سەردانی دەروازەی سنووریی گرانە 'ئومورلوو' ـی لە شارۆچکەی رووبارۆکی سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان کرد و رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە بە زووترین کات ئەو دەروازە سنوورییە بکەنەوە.

رەزا تونا توراگای، بریکاری وەزیری بازرگانی تورکیا رۆژی چوارشەممە 26ـی نیسانی 2023 لە فڕۆکەخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لە شارۆچکەی گەڤەر لەلایەن ئیدریس ئاکبیک پارێزگار و بریکاری سەرۆکی شارەوانی پێشوازی لێکرا و بە هێلیکۆپتەر بەرەو شارۆچکەی رووبارۆک بەڕێکەوت.  

توراگای رایگەیاند، بە رێنمایی محەممەد مووش، وەزیری بازرگانی سەردانی ناوچەکەی کردووە و باسی  گرنگی دەروازەکەی لە رووی ئابووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە کرد. ئاماژەی بەوەدا، ئامانجیان ئەوەیە بە زووترین کات ئەو دەروازە سنوورییە بکەنەوە و کارای بکەن. 

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 27ـی نیسانی 2023) ئەکرەم چەتین کایا، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچكەی رووبارۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە بەر لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار، ئەم دەروازەیە لەنێوان باکوور و باشووری کوردستان بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەکەن لە ماوەی 10 رۆژدا هاتووچۆ لە دەروازەکەدا دەستپێبکات و گوتی، لایەنی تورکیا و هەرێمی کوردستان گەرەنتی ئەوەیان داوە، کە بەر لە هەڵبژاردن، ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دەروازەکە تەواو بکەن.

ئەو دەروازەیەی بڕیارە بکرێتەوە دەکەوێتە گوندی زێتێ لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، پارێزگای هەولێر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان دەبەستێتەوە. 

جگە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، دەروازەیەکی دیکەش بە ناوی سەرزێڕی لەنێوان باشوور و باکووری کوردستاندا هەیە.

پێشتر غەفوور ئەحمەد، قایمقامی مێرگەسۆر بە رووداوی راگەیاندبوو، ساڵی 2013 بڕیاری کردنەوەی دەروازەی زێتێ لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا دەرچووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش کردنەوەی دەروازەکە پەکی کەوت. دوای ئەوەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد و بڕیاردرا دەست بە کردنەوەی دەروازەکە بکرێت.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیش بۆ کردنەوەی دەروازەکە، غەفوور ئەحمەد گوتبووی: "لە قۆناخی یەکەمدا بڕیاردراوە دەروازەی زێتێ بۆ هاتووچۆی گەشتیاران بکرێتەوە و ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی شوێنێکین لە دەروازەکە بۆ راییکردنی مامەڵەی گەشتیاران. هاوکات دەستمان کردووە بە دروستکردنی رێگەی دەروازەکە، کە 13 کیلۆمەترە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان

دلێر عەبدولخالق: لەگەڵ چەند لایەنێک دانوستانمان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پاشەکشەیەی لە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە هەوڵدان بۆ کاری پێکەوەیی و ئەگەر بگەنە رێککەوتن، گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیست و بەربژێرانی بزووتنەوەکەدا دەکرێت