رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو بەرنامەیەکی نوێی بە ناوی "بێستوون تۆک" راگەیاند و بەڕێوەبەری تۆڕەکە دەڵێت، بەرنامەکە دەرگەیەکی تازە دەکاتەوە لەنێوان گەنجانی کوردستان و کەسایەتییەکان دا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-04-2023، لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر بەرنامەی "بێستوون تۆک" راگەیێندرا کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات. بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداو پرسیارە نەکراوەکان ئاشکرا دەکات بۆ ئەوەی نەوەی نوێ، وردەکارییەکانی دۆخی کوردستان بزانێت.
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی بەرنامەکەوە رایگەیاند، "ئەم بەرنامەیە دەرگەیەکی تازە دەکاتەوە لەنێوان گەنجانی کوردستان و کەسایەتییەکان دا. ئێستا کە لە کوردستان دا کێشەی کەمی یان کێشەی نەبوونی گفتوگۆ و پێکەوە دانیشتن هەیە، ئەم بەرنامەیە پرسیارە نەکراوەکان ئاشکرا دەکات بۆ ئەوەی نەوەی نوێ وردەکارییەکانی دۆخی ئێستا بزانێت و بە زانیاریی زۆرترەوە تەماشای ئاییندەی خۆی بکات."
هاوکات جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەو رێوڕەسمەدا نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئازادیی راگەیاندن لە عێراق و هەرێمی کوردستان نیشاندا و گوتی، "لە سەرانسەری وڵاتدا ئێمە دەبینین کە بەکارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆری یاسایی، کارگێڕی و ئامرازی دیکەی بەڕواڵەت یاسایی بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان زیاتر بوون."
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی بەرنامەکەوە گوتی، "پلاتفۆڕمێکی لەو شێوەیە دەتوانێت رۆژنامەگەری پیشەیی پێشانبدات، ئازادیی رادەربڕین بەرز بکاتەوە و بۆ هەردوولا، تێگەیشتنێکی باشتر لە ئاڵنگارییەکان، پرس و ئاڵۆزییەکان دەستەبەربکات، بۆیە کاتێک من و بێستوون چاومان بەیەک کەوت و ئەویش لەخۆوە باسی چەمکەکەی بۆ کردم، نەمتوانی خۆشحاڵی خۆم بۆ بۆ بەرنامەکە دەرنەبڕم."