رووداو دیجیتاڵ
بەهۆى گەڕاندنەوەى ژمارەیەک خێزانى عەرەب بۆ قەزاى شنگال، بەشێک لە هاونیشتمانییانى کوردى ئێزدى خۆپێشاندانیان کرد و ئاڵۆزى دروستبوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27-04-2023، بەشێک لە هاونیشتمانییانی شنگال خۆپێشاندانیان دژى گەڕانەوەى ئاوارەی عەرەب بۆ ناوچەکانیان کرد و پێیانوایە بەشێک لەو عەرەبانە "رۆڵیان هەبووە لە رفاندن و ئاوارەبوونى هاونیشتمانییانى کوردى ئێزدى لە ساڵى 2014."
حهیدهر شهشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ناڕەزایەتی لەدواى ئەوە دروستبووە کە چەند کەسێک لەو ئاوارە گەڕێندراوانە ناسراونەتەوە بە وێنە و ناو کە دەستیان هەبووە لە رفاندنى هاونیشتمانییانى کوردى ئێزدى لە شنگال، کاتێک رێکخراوى داعش ھێرشیکردووەتە سەر قەزاکە."
حەیدەر شەشۆ گوتیشى: "دوو کەس لەوانەى کە ناسراونەتەوە، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون".
کوردانی ئێزدی لە 3ـى ئابی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە؛ بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی، ژمارەی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی 6 هەزار و 417 کەس بوون؛ 3 هەزار و 358یان لە رەگەزی مێ و دوو هەزار و 869 کەسیان نێر بوون. لەو ژمارەیە سێ هەزار و 562 کەسیان رزگارکراون و ئەوانی دیکە تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
رۆژی 18ـى ینسانى 2023، کەمپى جەدعە-پێنج لە سنوورى موسڵ داخرا کە زۆینەى ئەو کەسانەى تێیدا بوون کەسوکارى چەکدارانى داعش بوون کە گەڕێندراونەتەوە بۆ زێدى خۆیان و زۆرینەیان خەڵکى موسڵ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ