وردەکاریی تەقەکردن لە قایمقامی رواندز؛ 'تەقەکان بۆ کوشتن بووە'


رووداو دیجیتاڵ

لە رێوڕەسمی پرسەی ژنێک لە گەڕەکی بەرگوان لە شاری سۆران، تەقە و هەوڵی کوشتنی ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز درا، ئەمە بەگوتەی خۆی. دوای رووداوەکەش کەسوکارەکەی بە چەکەوە لە بەردەم ماڵەکەی کۆبوونەوە. برایەکەی تەقەکەرەکەش دەڵێت، هەوڵی کوشتی قایمقامیان داوە.
 
هەڵگورد شیخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، "چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ دەتوانم واناویان بنێم لەناو ئەو خانەوادەیە ئەمڕۆ لە پرسەیەکی کۆمەڵایەتی ئەم کارەیان ئەنجام داوە، بە هەموو شێوەیەک ئەوەی بەرامبەر کاک ئەحمەد کراوە تەنها بەرامبەر کاک ئەحمەد وەکو قایمقام نەکراوە، بەڵکو بەرامبەر ئێمەش وەکو ئیدارە و حکومەتیش کراوە، بۆیە هەموو ئیجرائاتێکی پێویست بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتە بەر." 
 
لە رووداوەکەدا ئەحمەد قادر بە سەلامەت رزگاری بووە و لەسەر رووداوەکەش قسەیەکی جیاواز لەوەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ناکات.
 
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز باسی لەوە کرد، "زۆر سوپاس بۆ ئێوە ئەوە جەنابی سەرپەرشتیار لێدوانی دا و روونکردنەوەی دا، من روونکردنەوەی زیاترم نییە لەسەر ئەو رووداوە و سوپاستان دەکەم." 
 
لایەنی تەقەکەری رووداوەکە لەسەر تەقەکردن و ئامانجەکەیان قسەی خۆیان هەیە. لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە برای تەقەکەرەکە بە رووداوی راگەیاند، "تەقەکردنەکەیان بە ئامانجی کوشتن بووە" 
 
هیمداد مستەفا، برای تەقەکەرەکە بە رووداوی گوت، "بۆ رای گشتی وەکو خاوەنی بنەماڵە ئەوانە تەقەیان کردییە، ئەو کێشەیە کێشەی 32 ساڵە کە ئەو بنەماڵەیە باوکی منیان کوشتییە، خوێن نابێتە ئاو و، هۆکارەکە ئەوەبووە کە تەقەیان لێکردووە، بۆئەوەی بیکوژن، تۆڵەی باوکی خۆمان دەکەینەوە، داوای حەقی خۆمان لێ کردییە، ئەوان هەر خۆیان لەخەت دایە و هەر حسابیان بۆمان نەکردووە، هەموو رۆژێکیش فەرتەنە بۆمان دروستدەکەن، بۆیە چیدیکە لەتوانامان نییە خۆمان بێدەنگ کەین."
 
لەسەر رووداوەکە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بەڵام تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم ڤیتییەش، تەقەکەرەکان دەستگیر نەکراون.