مەڕدارێک لە رێگەی فەیسبووکەوە سۆراخی مەڕ و بەرخە دزراوەکانی دەکات

27-04-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی رابردوو لە گوندێکی ناحیەی پیرەمەگروونی پارێزگای سلێمانی ژمارەیەک مەڕ و بەرخ دزران، خاوەنەکەی وێنەی مەڕەکانی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت هەر کەسێک دۆزینییەوە ئاگاداری بکاتەوە. 
 
محەمەد عەبدوڵلا، مەڕدارە و دانیشتووی گوندی سوسەکۆنی سەر بە ناحیەی پیرەمەگروونە. بە (رووداو)ی گوت: "47 مەڕ و 24 بەرخم لێدزراون. دوێنێ شەو تاوەکو کاژێر 12 مەڕەکان مابوون، بەڵام کاژێر 2:00ی بەرەبەیان چوومە نێویان دەبینم نەماون، لەو کاتەوەش هەر دەگەڕێین، هیچ سەرەداوێکمان دەستنەکەوتووە"
 
ئەو مەڕدارە لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە سۆراخی مەڕەکانی کردووە، دەڵێت: "لە گوندی هەڵەدن لە ناحیەی سوورداش سەیری کامێرەی چاودێریمان کردووە و گومان لە دوو ئۆتۆمبێل دەکەین، کە یەکێکیان کاژێر 4:30ی خولەکی بەیانی و یەکێکی دیکەیان 5:30ی خولەکی بەیانی لە کامێرای چاودێری دەرکەوتوون، بەتایبەتی لە نێوان کۆتەڵ و کانی شۆک سەردەکەون بۆ ناحیەی سوورداش، کە  لەوێ رێگەیەکی قاچاخ هەیە."
 
لە وەسفی مەڕەکانیدا بۆ ئەوەی هاونیشتیمانیان بیانناسنەوە و ئاگاداری بکەنەوە، محەممەد عەبدوڵڵا گوتی: "مەڕەکانمان کوردین، هەموویان سپین، بەرانێکیان لەگەڵدایە رەشە و نێوچاوانی قەشانە، ئەگەر هەر کەسێک زانیارییەکی دەستکەوت بەم ژمارە تەلەفۆنە (07701247420) پەیوەندیم پێوە بکات".
 
محەممەد خانوویەکی لە تەنیشت هۆڵی ئاژەڵەکان هەیە و لەوێ دەمێنێتەوە، پێیوایە ئەوانەی دزییەکەیان لێکردووە، پێشتر چاودێریان کردووە.
 
مەڕدارەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادارکردووەتەوە و دەڵێت ئەوانیش سۆراخی مەڕوماڵاتەکەی بۆ دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە