لیژنەى باڵاى بایۆمەتری لەبارەی فرەمووچەییەوە وەڵامی پەرلەمانتارێک دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، ئەندامێکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە دا، "بەرپرسی دۆسیەی بایۆمەتری ئامادە نییە کە واژۆ لەسەر بڕینی دوو مووچە، سێ مووچە و بندیوار بکات"، لیژنەی باڵای بایۆمەتری لەو بارەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "گوتەکانی ئەو پەرلەمانتارە رەتدەکەینەوە؛ بەهیچ شێوەیەک شتی لەو جۆرە نییە".
ئەمڕۆ سێشەممە 27-04-2021 لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەهمەن عەبدوڵڵا، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "دەبێت خەڵکی کوردستان بپرسن کە بەرپرسی دۆسیەی بایۆمەتری کێیە و بۆچی واژۆ لەسەر بڕینی دوو مووچە، سێ مووچە و بندیوار ناکات، دۆسیەکەش لای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتە".
لیژنەی باڵای بایۆمەتری لەو بارەوە رایگەیاند: "دوا بڕیاری لیژنەی بایۆمەتری ئەوە بوو كە مووچەی 16505 كەس كە فرە مووچەی نایاساییان ھەبوو راگیراوە و لەھەمانكاتدا ئێستا لێكۆڵینەوە دەكرێت لە مووچەی زیاتر لە 36 هەزار مووچەخۆری دیکە و دواتریش بڕیار لەسەر ئەوانیش دەدرێت".
دەقی راگەییندراوی لیژنەی باڵاى بایۆمەتری:
لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانی کوردستاندا، 27ـی نیسان، پەرلەمانتارێکی فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قسەكانیدا ئاماژەى بەوەداوە کە بەرێز سەرپەرشتیاری لیژنەى باڵاى تۆماری بایۆمەتری ئیمزا لەسەر ئەو فەرمانە ناکات کە فرە مووچەی نایاسایی و بن دیوارەکان فەسڵ بکرێن.
وەک لیژنەى باڵاى تۆماری بایۆمەتری ئەو ووتانەى ئەو پەرلەمانتارە رەت دەکەینەوە و رایدەگەیەنین؛ بەهیچ شێوەیەک شتی لەو جۆرە نییە و دوا بڕیاری لیژنەش لەبارەیەوە ئەوە بوو كە مووچەی 16505 كەس كە فرە مووچەی نایاساییان ھەبوو راگیراوە و لەھەمانكاتددا ئێستا لێكۆڵینەوە دەكرێت لە موچەی زیاتر لە 36 هەزار مووچەخۆری تر و دواتریش بڕیار لەسەر ئەوانیش دەدرێت. بۆیە دیارە ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە لەبێ ئاگایی خۆیەوە ئەو قسانەی كردووە، بۆ هەموو لایەکیشی روون دەکەینەوە کەپرۆسەى بایۆمەتری بەردەوامە و یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی کابینەکانی هەشت و نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری