"وەسڵی تەزویر" و "بەهەدەردانی پارە" لە فەرمانگەیەكی سەر بە وەزارەتی كاردا هەیە

رووداو- هەولێر

راپۆرتێكی دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كردووە كە بڕە پارەیەكی زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر "بەهەدەر دراوە". چەندین وەسڵ لە نێو وەسڵی خەرجییەكان هەن كە راپۆرتەكە دەڵێ تەزویرن. رێكخراوی یونیسێف بەهۆی ئەم راپۆرتەوە پڕۆژەیەكی خۆی لەو بەڕێوەبەرایەتییە وەردەگرێتەوە، بەڵام بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە زۆربەی زانیارییەكانی نێو راپۆرتەكە رەتدەكاتەوە.

راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی بە نووسراوی ژمارە (1/1/90/ لە رۆژی 11/2/2015 بەناونیشانی (خەرجكردنی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر) بۆ (سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر/ دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی هەولێر) بەرزكراوەتەوە.

بەپێی ئەو دۆكیۆمێنتانەی دەست (رووداو) كەوتوون، دیوانی چاودێریی دارایی بە فەرمانێكی نهێنی بە ژمارە (1/1/52) لە رۆژی 22/1/2015 لێژنەیەكی پێكهێناوە بۆ وردبینی لە ناوەڕۆكی راپۆرتی دادگای دەستپاكی هەولێر كە لەسەر چەند پڕۆژەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بۆیان رەوانە كراوە.

بەپێی ئەو دۆكیۆمێناتە، زیاتر لە 117 ملیۆن دیناری بودجەی ئاسایی فەرمانگەكە و 67 هەزار دۆلاری پرۆژەیەكی یونیسێف خراونەتە ژێر وردبینی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە.

پرۆژەكەی یونیسێف

ئەم پرۆژەیە دوو بەش بووە و تێچووەكەی زیاتر لە 67 هەزار دۆلار بووە. بەشی یەكەمیان هەڵمەتێك بووە بۆ  یارمەتیدانی منداڵانی كەمپی باسرمە و دارەشەكران، ئەوەی دووەمیشیان كە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی تایبەت بووە، هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی منداڵانی ئەو كەمپانە بووە لە رێی شانۆگەری.

دیوانی چاودێریی دارایی چەندین تێبینی لەسەر ئەو پرۆژەیە هەیە، لەوانە: ئەم پرۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی واژۆ كراوە "كە لە دەسەڵاتەكانی ئەودا نییە".  هەروەها "هیچ فەرمانێكی كارگێڕی نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە و وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیشی لێ‌ ئاگادار نەكراوەتەوە".

بەڵام رۆزە عەبدوڵڵا شەریف، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر دەڵێت بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لەلایەن وەزیرەوە پێیدراوە، دەسەڵاتی واژۆكردنی گرێبەستی پرۆژەی هەیە.
"پرۆژەكە لەلایەن چەند فەرمانبەرێك جێبەجێكراوە كە فەرمانی كارگێڕییان نییە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە و كڕینی كەلوپەلەكان". بەڵام رۆزە عەبدوڵڵا ئەوەی رەتكردەوە و گوتی "فەرمانی كارگێڕیمان هەیە بۆ پرۆژەكە".

 "پارەی پرۆژەكە لەلایەن فەرمانبەرێك بەناوی حەسەن لەتیفوڵڵا مەجید وەرگیراوە كە فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی نییە. كەچی رۆزە عەبدوڵڵا دەڵێت "ئەمە هیچ گرفتێكی یاسایی تێدا نییە، چونكە ئەو كەسە فەرمانبەری چاودێریی تایبەتە و ئەوانیش بەشداربوون لە پرۆژەكە".

بەپێی گرێبەستەكە ماوەی پرۆژەكە سێ‌ مانگە، لە 1/12/2013 دەستپێدەكات و لە 28/2/2014 كۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی تێبینی كرا پرۆژەكە لە دوای تەواوبوونی ئەو وادەیە دەستی پێكردووە. رۆزە عەبدوڵڵا هۆكاری دواكەوتنی ئەو پرۆژەیەی بۆ خودی یونیسێف گەڕاندەوە و گوتی كە ئەوان ئامادە نەبوون.

"هیچ خشتەیەك نییە بۆ یەكلاكردنەوەی خەرجییەكانی ئەم پرۆژەیە. هەروەها پسوولەكانی خەرجی لەلایەن بەرپرسی وردبینی واژۆ نەكراون، واتە وردبینییان تێدا نەكراوە". رۆزە ئەو دوو زانیارییەشی رەتكردەوە و گوتی "خەرجییەكانمان هەموویان بە دۆكیۆمێنت كراون و واژۆ و مۆری بەڕێوەبەری وردبینی لەسەرە، بەڵام ئەو برادەرانەی راپۆرتەكەیان بۆ دەستەی نەزاهە كردووە، پەلەیان كردووە".

ئەو بەڕێوەبەرە رەخنە لە دەستەی نەزاهە و چاودێریی دارایی دەگرێ كە نەهاتوونەتە لای ئەو و هیچ زانیاریەكیان لەو وەرنەگرتووە، تەنیا چوونەتە لای ئەو فەرمانبەرانەی لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان "كێشەیان هەیە".

راپۆرتەكە دەڵێت "دوو ئۆتۆمبێل بەدەر لە گشت رێنماییە داراییەكان بەكرێگیراون، هیچ پسوولەیەكی وەرگرتنیش نییە بەپێدانی بڕە پارەی مانگانە بە شوفێرەكە. كڕینی بەنزین بە بڕی جیاجیا بۆ ئەم پرۆژەیە لە كاتێكدا دوو ئۆتۆمبێل بە كرێ گیراون". كەچی رۆزە عەبدوڵڵا گوتی "هەموو ئەو خەرجیانەمان بە دۆكیۆمێنت هەیە".

سەبارەت بە كڕینی بەنزینیش گوتی "ئەو پارەیە یونیسێف خەرجی كردووە، هەندێك لەو خەرجیانە كەموكوڕییان هەیە و بە خەرجی دیكە پڕدەكرێنەوە".

راپۆرتەكە باس لە كڕینی 8 سپلیت دەكات كەچی لە دەرخستەدا 4 سپلیت دیارە. هەروەها لە رێكەوتی 6/2/2014 بەپێی هەردوو پسوولەی (پێشانگای باوكی فوئاد) دوو سپلیت و هەندێك كەلوپەل كڕدراون، ژمارەی پسوولەیەكیان (0057)ەو ئەوەی دیكەیان (303)یە، لە كاتێكدا دەبوو ژمارەكان بەدوای یەكدا هاتبان، هەروەها واژۆی خاوەن پێشانگاكە وەك یەك نین، ئەمەش "گومان" دەخاتە سەر دروستیی پسوولەكە.

رۆزە عەبدوڵڵا لەبارەی ئەو سپلیتانەوە گوتی "ئەوە پەیوەندی بە لێژنەی كڕینەوە هەیە، ئەوان دەتوانن كەلوپەل زیاد بكەن یان كەمی بكەنەوە، من بانگی لێژنەكەم كرد و لەبارەی جیاوازیی ژمارەی پسوولەكان پرسیارم لێكردن، ئەوانیش گوتیان مەرج نییە ئەوانەی ئێمە شتیان لێدەكڕین ئەوەندە شارەزا بن لەڕووی كارگێڕی".

"فەرمانی كارگێڕیی تایبەت بە پێكهێنانی لێژنەی كڕینی كەلوپەل لە رێكەوتی 15/6/2014 لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی واژۆ كراوە، كەچی رێكەوتی دەركردەكەی لە 14/1/2014 كراوە، واتە پێنج مانگ بەر لە واژۆكردنەكەی ئەم فەرمانە دەركردەی بۆ كراوە. دوای گەڕانەوە بۆ تۆماری دەركردە، دەركەوت ژمارەی فەرمانەكە تایبەتە بە فەرمانێكی تر كە ئەژماركردنی مۆڵەتی ئاسایی بووە بۆ فەرمانبەران".

رۆزە عەبدوڵڵا ئەمەی بۆ هەڵەیەكی كارگێڕی گەڕاندەوە و گوتی "بەڵام من لێكۆڵینەوە لەو بابەتە دەكەم، ئەگەر دەركەوت ئەمە بە مەبەست كرابێت، ئەوا بێگومان ئەو فەرمانبەرە سزا دەدرێت".

پرۆژەكەی یونیسێف لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی دهۆك و سلێمانی بەردەوامە، بەڵام لەگەڵ بەڕێوەبەراتییەكەی هەولێر گرێبەستەكەیان نوێ‌ نەكردووەتەوە. رۆزە عەبدوڵڵا هۆكارەكەی بۆ راپۆرتەكەی دەستەی نەزاهە گەڕاندەوە و گوتی "یونسێف پێیڕاگەیاندین كە بیستوویانە كەموكوڕیمان هەبووە، بۆیە گرێبەستەكەیان بۆ نوێ‌ نەكردینەوە".

پسوولەكان جێی گومانن

بەشی دووەمی پرۆژەكەی یونیسێف لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی تایبەت جێبەجێ‌ كراوە. دیوانی چاودێریی دارایی چەندین تێبینی لەسەر پرۆژەكەی ئەوانیش هەیە، وەك: پرۆژەكە فەرمانی كارگێڕی نەبوو بۆ پێكهێنانی لێژنەی سەرپەرشتیار، ئەمەش پێچەوانەی رێكارە كارگێڕییەكانە. واژۆی بەڕێوەبەری وردبینی لەسەر پسوولەكان نییە.

بەپێی پسوولەی (شوێنی كوردستان)  بڕی 500 دۆلار خەرجكراوە بۆ دروستكردنی شانۆی گەڕۆك لە رێكەوتی 18/11/2013 ، كەچی رێكەوتی واژۆكردنی گرێبەستەكە لە 16/12/2013 بووە، واتە 28 رۆژ پێش دەستپێكردنی پرۆژەكە "ئەمەش گومان دەخاتە سەر دروستیی پسوولەكە".

هەروەها "بەپێی پسوولەی پەراوگەی (عیماد) بڕی 7500 دۆلار خەرجكراوە بۆ چاپكردنی برۆشۆر، بەڵام ئەم شوێنە پەراوگەیە نەك چاپخانە، دەبووایە ئەم كارە لە رێگەی چاپخانەیەك كرابا، هەروەها رێكەوتەكەشی وەكو دروستكردنی شانۆی گەڕۆك پێش واژۆكردنی گرێبەستەكەیە".

راپۆرتەكە دەشڵێت "خەرجكردنی بڕی 300 دۆلار بۆ دروستكردنی 100 بووكەشووشە، بەپێی لیستێك كە لەلایەن خۆیانەوە ئامادەكراوە.. خەرجكردنی بڕی 1280 دۆلار بۆ هاتوچۆ بەپێی لیستێك كە لەلایەن خۆیانەوە ئامادەكراوە، لە كاتێكدا دەبوو ئەم كارە لە رێگەی گرێبەستێك لەگەڵ خاوەن ئۆتۆمبێلێك بووایە".

چاپ لە شوێنێك و پسوولە لە شوێنێك!

بەشێكی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی تایبەتكراوە بە چاپكردنی كتێبێك بەناوی (خوێندنەوەیەك بۆ سایكۆلۆژی منداڵ) بە تیراژی 1000 دانە كە بڕی 4 ملیۆن و 387 هەزار دیناری بۆ خەرجكراوە. چاودێریی دارایی تێبینی لەسەر چاپكردنی ئەم پەرتووكە هەیە و دەڵێت:" لە رۆژی 29/1/2014 هەزار دانە لەو پەرتووكە داهاویشتە (ادخال مخزنی) بۆ كراوە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ وێنەیەك لەم پەرتووكانە بوونی هەبێت. لە كاتێكدا لە رۆژی 28/10/2014 لێژنەیەك پێكهاتووە بۆ وەرگرتنی ئەم پەرتووكە، واتە 9 مانگ پێش ئەوەی پەرتووكەكان وەربگیرێن داهاویشتەی كۆگایی بۆ كراوە".

هەروەها دەڵێت "پەرتووكەكە لەلایەن چاپخانەی حاجی هاشمەوە چاپكراوە، بەڵام پسوولەی چاپخانەی ماردینی بۆ هێنراوە". رۆزە عەبدوڵڵا گوتی "ئەوەی ماردین پسوولە نەبوو، بەڵكو دەرخستە بوو، ئێمە سێ‌ دەرخستەمان وەرگرتبوو، ئەوەی ماردین كەمترینیان بوو، بەڵام دواتر ماردین پەشیمان بووەوە، چاپخانەی حاجی هاشمیش بەهەمان نرخ كتێبەكەیان بۆ چاپكردین".

راپۆرتەكەی چاودێریی دارایی دەڵێت "بڕی 800 هەزار دینار بۆ پاداشتكردنی ستافی ئامادەكاری پەرتووكەكە دراوە، بەبێ‌ ئەوەی ناو و واژوویان هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە".

بەڵام بەپێی ئەو دۆكیۆمێنتەی لەلای رووداوە، پاداشتی ستافی ئامادەكاری ئەو پەرتووكە كە ژمارەیان 8 كەس بووە، 2 ملیۆن و 387 هەزار دینار بووە و هەمووشیان واژوویان بەرامبەر ناوەكەیان كراوە.

فەرمانبەر پاداشتباران دەكرێن

یەكێك لەو كارانەی چاودێریی دارایی لێكۆڵینەوەی تێدا كردووە، ورۆك شۆپێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بووە بۆ  كێشە و گیروگرفتەكانی كەمئەندامان. راپۆرتەكەی چاودێریی دارایی دەڵێت "ئەم وۆركشۆپە بودجەكەی لەلایەن لێژنەیەكەوە دانراوە بەبێ‌ ئەوەی فەرمانی كارگێڕی هەبێت بەپێكهێنانی ئەو لێژنەیە".

بەڵام رۆزە عەبدوڵڵا دەڵێت "ئێمە فەرمانی كارگێڕیمان بە ژمارە 1435 لە رۆژی 13/11/2013 بۆ پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ وەرگرتنی پارەی ئەو ورۆك شۆپە دەركردووە".

هەر بەپێی راپۆرتەكەی چاودێریی دارایی، چەند فەرمانبەرێكی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە ماوەی مانگێكدا 3 جار پاداشت كراون "ئەمەش پێچەوانەی مادەی 5ی بڕگەی یەكەم لە رێنمایی دارایی ژمارە یەكی ساڵی 18/3/2013یە كە نابێت پاداشت بۆ هەمان كەس دووبارە ببێتەوە لە دوو مانگی یەك لە دوای یەكدا".

فەرمانبەر ئەحمەد خورشید لە مانگی كانوونی یەكەم سێ‌ جار پاداشت كراوە و 345 هەزار دیناری وەرگرتووە. دەهام ئیسماعیل لە هەمان مانگدا سێ جار پاداشت كراوە و 420 هەزار دیناری وەرگرتووە. سامان تەها عەزیز دوو جار پاداشت كراوە و 270 هەزار دیناری وەرگرتووە، سەرهەنگ شێخل دوو جار پاداشتكراوە و 200 هەزار دیناری وەرگرتووە. عادل عوسمان دوو جار پاداشت كراوە و 170 هەزار دیناری وەرگرتووە.

رۆزە عەبدوڵڵا لەبارەی ئەو پاداشتەوە دەڵێت "پاداشتی فەرمانبەران تەنیا لە بودجەی ئاسایی دەكرێت، بەڵام ئەوانە لە لەو پارەیە پاداشتكراون كە بۆ وۆركشۆپەكە خەرجكراوە".

راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی دەڵێت "28 كەس لە وۆركشۆپەدا ئامادە بوونە، بەڵام لەسەر پسوولەكان 60 كەس نووسراوە بۆ نانخواردن و برێك". بەڵام رۆزە دەڵێت "بەڵگەمان هەیە". بەپێی ئەو بەڵگەیەی ئەوان ناوی 35 كەس وەكو بەشداربووی ورۆكشۆپەكە نووسراوە.

بەپێی پسوولەی ئوتێل 30 ئامادەبوو لە دەرەوەی شاری هەولێر هاتوون، واتە پارەی ئوتێلیان بۆ خەرجكراوە، كەچی 28 كەس ئامادە بوونە. رۆزە بۆ ئەمەش دەڵێت "بەڵگەمان هەیە".

وۆركشۆپی خانەی بەساڵاچووان

یەكێكی دیكە لەو دۆسیانەی چاودێریی دارایی وردبینی تێداكردووە، وۆركشۆپێكی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو بوو بۆ بەرەوپێشبردنی سیستمی كاری خانەی بەساڵاچووان. چاودێریی دارایی چەند تێبینییەكی لەسەر خەرجكردنی پارەی ئەم وۆركشۆپە هەیە، لەوانە:"بەپێی پسوولەی مۆتێل دیار، بڕی 8 ملیۆن و 400 هەزار دینار خەرجكراوە، ئەم پسوولەیە لە بنەڕەتدا ساختەیە، لەبەر ئەوەی ئەو شوێنە مۆتێلە نەك هوتێل. هەروەها كەوتووەتە گەڕەكێكی میللی شاری هەولێر، شوێنی خواردن و هۆڵی كۆبوونەوەی نییە، ژووری پێویستیشی نییە بۆ مانەوەی ئەم ژمارە میوانە. بۆ دڵنیا بوون پەیوەندیمان بە موتێلی ناوبراو كرد، ئەوانیش ئەمەیان بۆ راستكردینەوە".

رۆزە عەبدوڵڵا بوونی ئەم پسوولەیەی پشتڕاستكردەوە و گوتی "ئێمە ئەم وۆركشۆپەمان لە هوتێلی ڤان رۆیاڵ كردووە نەك مۆتێل دیار، من ئەو كەسەم بانگ كرد كە ئەم وەسڵەی هێناوە، ئەو كەسە گوتی بۆ تەسویەكردنی حیساب ئەم وەسڵەی هێناوە، بەڵام من هێشتا نەگەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی كە ئایا ئەمە یاساییە یان نا". گوتیشی "لێژنەی لێكۆڵینەوەم لەسەر ئەو فەرمانبەرە پێكهێناوە".

"بەپێی پسوولەی (bavarote) بۆ جلوبەرگی پیاوان، بڕی 3 ملیۆن و 600 هەزار دینار خەرجكراوە بۆ كڕینی دیاری بۆ كەمئەندامان، سەرەڕای دەستكاریكردنی وەسڵەكە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم پسولەیە ساختەیە، ئەمە بە وتەی سەرۆكی لێژنەی كڕین".

رۆزە دەڵێت "سەرۆكی لێژنەی كڕین ئێستا لەلای ئێمە نەماوە. ئەم لێژنەیە كە لە سێ‌ كەس پێكهاتوون وەسڵیان بۆ من هێناوە و منیش واژۆم كردووە. ئەگەر چاودێریی دارایی قسەیان لەگەڵ سەرۆكی لێژنەی كڕین كردبێت، هەر دەبێت ئەو بابەتەكەیان بۆ روون بكاتەوە كە چۆن ئەم كارەی كردووە".

چاكەتی ژنانی شێڵتەری هەولێر

بەپێی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێریی دارایی، بڕی 4 ملیۆن و 999 هەزار دینار وەك پێشینە وەرگیراوە بۆ كڕینی دیاری و سازدانی ئاهەنگ بەبۆنەی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان. دوای وردبینیی بەرایی ئەم تێبینیانەیان هەبووە:" سەرەڕای نەبوونی لێژنەی ئامادەكردنی دەرخستە، كەچی لە 19/12/2013 دەرخستە كراوە، بەڵام فەرمانی كڕین لە 16/12/2013 دەرچووە، واتە پێش ئامادەكردنی دەرخستە فەرمانی كڕین دەرچووە".

هەروەها "هەردوو پسوولەی شوێنی ئاكار و فرمێسك لە بنەڕەتدا ساختەن، بەپێی وتەی سەرۆكی لێژنە و ئەندامانی لێژنە بەهیچ شێوەیەك چاكەتی ئافرەتان نەكڕدراوە، بەڵكو ئەوەی كڕدراوە پارچە قوماشێكی جلی كوردییە بە بڕی 35 هەزار دینار، هەروەها هیچ ئاهەنگێك نەگێڕدراوە".

رۆزە لەوبارەیەوە دەڵێت "لە شێڵتەر رۆژانە كەیس دێت و دەڕوات، كە دێت بێ‌ جلوبەرگە، دەبێت جلوبەرگی بۆ بكڕی، خواردنی بۆ بكڕی، ئەمەش لەبابی دارایی هیچ نەنووسراوە، تەنانەت لە داراییش نازانن شێڵتەر چییە، ئەوەی كردوومانە زۆر ئاساییە، ئێمە ناتوانین چاوەڕێی خەزێنە و دارایی بكەین".

سەبارەت بە پسوولە ساختەكانیش گوتی "نەخێر ئەمە راست نییە، ئەم ناوزڕاندنە و تەنیا بۆ لەكەداركردنی شێڵتەری هەولێرە، من بە دەستی خۆم دیارییەكانم دابەشكردوون".

GPS بۆ ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری گشتی

بەپێی راپۆرتێكی دیوانی چاودێری، بڕە پارەیەك بۆ ئۆتۆمبێلەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خەرجكراوە بە مەبەستی جوانكاری، دیوانی چاودێریی دارایی ئەمەی بە "بەهەدەردان"ی موڵكی گشتی ناوبردووە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە "لە رۆژی  28/8/2013 بڕی 2 ملیۆن و 688 هەزار دینار خەرجكراوە بۆ ئۆتۆمبێلێكی جۆری لاندكرۆزەر كەچی ئەم ئۆتۆمبێلە رۆژێك پێشتر بە بڕی 48 هەزار دۆلار كڕدراوە، بێگومان ئەمەش بەهەدەردانی سامانی گشتییە".

رۆزە عەبدوڵڵا دەڵێت "من بە توندی رەتی دەكەمەوە سامانی گشتیمان بە هەدەردابێت. بە واژۆی وەزیری پێشوو بڕیاردرا چەند ئۆتۆمبێلێكی مواسەفات بەرز بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان بكڕدرێت، بەڵام دواتر ئۆتۆمبێلی دیكەیان كڕی، ئەم ئۆتۆمبێلە كۆمەڵێك شتی كەم بوو، وەكو كامێرا و حەساس، بەڵام هەموو بەڕێوبەرایەتییەكان رێگەپێدانیان لە وەزیر وەرگرت كە بە ئارەزووی خۆیان دەستكاری ئۆتۆمبێلەكان بكەن، پێموابێ‌ ئەم پارەیەش ئەوەندە زۆر نییە بۆ دەستكاریكردنی ئۆتۆمبێلێك".

بەپێی راپۆرتەكەی چاودێریی دارایی "بڕی ملیۆنێك و 300 هەزار دینار خەرجكراوە بۆ كڕینی دوو GPS بۆ هەردوو ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری گشتی، بەبێ‌ ئەوەی مەبەست لەو كڕینە دیاربێت، ئەمەش بە هەداردانی موڵكی گشتییە".

رۆزە عەبدوڵڵا رەتیكردەوە كە دوو ئۆتۆمبێلی هەبێت و گوتی "راستە GPS كڕدراوە، بەڵام من هەتاوەكو ئێستا بەكارمنەهێناون، ئەم ئامێرانەش لەسەر داواكاری بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری كڕدراون".

لە راپۆرتەكەی چاودێری داراییدا هاتووە بڕی ملیۆنێك و 964 هەزار دینار خەرجكراوە بۆ كڕینی چوار جووت تایە، بەڵام تەنیا یەك جووت تایە كڕدراوە بە بڕی 476 هەزار دینار، بڕەكەی دیكە كە دەكاتە ملیۆنێك و 488 هەزار دینار رادەستی بەڕێوەبەری گشتی كراوەتەوە، واتا ئەم پسوولەیەش ساختەیە، ئەمەش بە وتەی سەرۆكی لێژنە كە بە یاداشتی نووسراو ئێمەی لێ‌ ئاگادار كردووەتەوە".

رۆزە هەموو زانیارییەكانی نێو ئەو راپۆرتەی رەتكردەوە و گوتی "ئەمە تەنیا بۆ ناوزڕاندنی بەڕێوەبەرایەتییەكەمانە، چونكە لەم ماوەیەدا دوو وۆركشۆپی گەورەمان ئەنجامدا، خەڵكانێك لە نێو وەزارەت و لە دەرەوەی وەزارەت چاویان لە شوێنەكەی منە و دەیانەوێت بەم جۆرە راپۆرتانە بەڕێوەبەرایەتییەكەم لە كەدار بكەن".