وەزیری دادی تورکیا دەڵێت دەمیرتاش پێش جەژن ئازاد ناکرێت

27-03-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە پێش جەژن، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، ئەو دەنگۆیە راست نییە. 
 
شەوی چوارشەممە، 26ـی ئادار، رۆژنامەڤانێکی تورک لە پەخشی راستەوخۆی بەرنامەکەیەدا گوتی، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە، "سەلاحەدین دەمیرتاش سزای زیندانیکردنی 10 ساڵەی یەکلاکەرەوەی هەیە بەهۆی ئەوەی ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆریستییە، چۆن ئازاد دەکرێت؟" وەزیر ئاماژەی بەوەشداوە کە ئازادکردنی دەمیرتاش لە کارنامەی ئەواندا نییە.
 
دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە 22ـی تشرینی یەکەمی پار لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان، لە 27ـی شوباتی ئەمساڵدا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. 
 
لە چەند رۆژی رابردوودا لە هەندێک لە دەزگاکانی هەواڵ و سۆشیاڵمیدیا لە تورکیا، دەنگۆی ئازادکردنی دەمیرتاش پێش جەژنی رەمەزان بڵاوبووەوە. شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی TGRT Haber ئەو بابەتە بووە جێگەی باس.  
 
پێشکێشکاری بەرنامەکە ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی دەم پارتی پەیوەندیی تەلەفۆنی کردووە و پێیانگوتووە، "دەنگۆیەکی لەو شێوەیەیان پێگەیشتووە، بەڵام ناتوانن پشتڕاستی بکەنەوە".
 
ئەو پێشکێشکارە ئاماژەی بەوەدا، سەبارەت بەو بابەتە پرسیاری لە یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کردووە و گوتی، "کاتێک گوتم بەڕێز باخچەلی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش کردووە. هەر بۆیە چاوەڕوانییەکی وا هەیە، وەزیری داد لە وەڵامدا گوتی، 'سەڵاحەدین دەمیرتاش سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی ئەوەی ئەندامی رێکخراوێکی تیرۆریستییە، چۆن ئازاد دەکرێت؟' هیچ ئەگەرێکی لەو شێوەیە نییە بۆ ئازادکردن". 
 
عەبدولڕەحمان کارابوڵوت کە یەکێک لە پارێزەرانی سەڵاحەدین دەمیرتاشە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئاداری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاشی بڵاوکردەوە و نووسی: "پەنا بەخوا جەژن لەگەڵمان دەبێت".
 
هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، هەوڵی جددی لە کەناڵە یاسایی و سیاسییەکان بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هەیە، بەجۆرێک رۆژانە داواکاری بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش پێشکێشی دادگە دەکرێت. 
 
ئێوارەی هەمان رۆژ سلێمان دەمیرتاش، برای سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "لەوانەیە سبەی! لەوانەیە لە سبەیش زووتر! دەی پەنا بەخوا".
 
دوای ئەم پۆستە، براکەی دەمیرتاش پۆستێکی دیکەی لە ئێکس بڵاوکردەوە و ئەمجارەیان نووسی، "بە دڵنیاییەوە ئەم نادادپەروەرییە رۆژێک کۆتایی دێت، ئێمە بڕوامان بە زیندوویی دەهێڵینەوە، بەڵام ئەمە رستەیەک نییە کە لەسەر بنەمای داتای کۆنکرێتی نووسیومە، پێویستە بە زووترین کات رووبدات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری مهاباد.

18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارەییەکانی مهابادیان کردووە

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: "18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکەیان کردووە".