هۆشیار عومەر عەلی: 'باڵی کوردسات' هەوڵی فرۆشتن و دابەشکردنی موڵکەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەدات

27-03-2025
شیراز رەئوف
رووداوی ئەمڕۆ.
رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆن رۆژی 5ـی نیسان کۆنفرانسی نێوخۆیی بزووتنەوەکە ئەنجام دەدرێت و هەر کەسێک ناوی لە دەستەی گشتیی تۆمارکرابێت دەتوانێت بەشداریی کۆنفرانسەکە لە گردی زەرگەتە بکات.
 
هاوکات باڵی مەکۆی کوردسات کە دژی کۆنفرانسەکەن بە پابەندنەبوون بە یاسا و دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکەیان و تاریکاندنی خەرجی و داهات و دارایی گۆڕان و هەوڵدان بۆ فرۆشتنی موڵکەکانی ئەو بزووتنەوەیە تۆمەتبار دەکات.
 
د. هۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان (باڵی گردی زەرگەتە) لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "بەپێی بڕیاری فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی شەممەی داهاتوو (5/4/2025) کۆنفرانسی نێوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە وەکو بارەگای سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان ناسێندراوە."
 
گوتیشی: ئەم کۆنفرانسە چەندجارێک بە دەستوەردانی سیاسی هەوڵی دواخستن و پەکخستنی دراوە چونکە ئەو کەسانەی دژی دەستوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بوون و ناویان لەخۆیان ناوە (مەکۆی کوردسات) هەوڵی کودەتا و پیلانگێڕییان دەدا و ئێستا بەم کۆنفرانسە نێوخۆییە کارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەخرێتەوە سەر رێچکەی یاسایی و دامەزراوەیی خۆی.
 
رۆژی چوارشەممە (26/3/2025) فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێکدا رایگەیاند کە رۆژی 5ی نیسان بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانس ئەنجام بدات لە گردی زەرگەتە. دوای نووسراوەکەی کۆمیسیۆنیش گۆڕانی گردی زەرگەتە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "وەفادارین بەرامبەر بەڵێنەکەمان، هەموو رێگەیەکی یاسایی، سیاسی و رێکخراوەیی دەگرینەبەر، دژ بە کودەتا و هەڵگەڕانەوە لە دەستووری ناوخۆی گۆڕان، لە شەش مانگی رابردوودا بە هەوڵێکی بێوچان پیلانگێڕیی کودەتاچییەکان هەڵوەشایەوە."
 
لە بەرامبەردا ئەمڕۆ پێنجشەممە (27.3.2025) باڵەکەی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان (مەکۆی کوردسات) راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا نووسراوە "ئەوانە کەمینەیەکی تەوریسچین، کۆنفڕانس لە کات و شوێنێکدا دەبێت کە گونجاو بێت و ئامادەکاریش کراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، باڵی کوردساتی گۆڕان، ئەوانیش نووسراوێکیان بۆ کۆمیسیۆن کردووە و داوا دەکەن رۆژی 3ی نیسان کۆنگرە بکرێت، لە شوێنێکی دیکە نەک لە گردی زەرگەتە.
 
"کێشەی موڵک و دارایی"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، هۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لە گرفتی نارۆشنی دارایی و خەرجی و داهاتی گۆڕان کرد و گوتی: لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، دارایی و خەرجی و داهاتی گۆڕان بە تەواوی لای عومەر سەید عەلی و ئەو کەسانە بووە کە ئێستا خۆیان وەکو مەکۆی کوردسات ناودەبەن و داراییەکەش بە تەواوی لە تاریکیدا بووە و ئەوان لێی بەرپرسن.
 
گوتیشی: زانیاریمان هەیە کە بەشێک لەو کەسانەی باڵی مەکۆی کوردسات هەوڵی خستنەبازاڕ و فرۆشتنی موڵک و مەکۆکانی بزووتنەوەی گۆڕانیان داوە، لەکاتێکدا ئەو بینایانەی بۆ مەکۆکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سەردەمی نەوشیروان مستەفا کڕدراون بە پارەی هاوکاریی سەرمایەداران بووە و بۆ کاروباری ئەنجوومەنەکانی بزووتنەوەکە لە شار و قەزاکان دابینکراون بەڵام بەشێک لەو کەسانەی مەکۆی کوردسات هەوڵی فرۆشتنیان دەدەن.
 
دانی بەوەشدا نا کە چەند جارێک هەوڵی ئاشتەوایی لەنێوان ئەو دوو باڵە دراوە و لە یەکێک لە دانیشتنەکان بەرپرسانی مەکۆی کوردسات بە روونی پێشنیازی دابەشکردنی موڵکەکانی گۆڕانیان کردووە.
 
19ـى ئەیلوولی 2024، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بریکارنامەی گشتیی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کرد و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد، ئەو هەنگاوە بزووتنەوەى گۆڕانى کرد بە دووبەرەى دژ بەیەک و تاوەکو داخستنی دەرگای گردی زەرگەتە و کردنەوەی مەکۆیەکی دیکە لە گەڕەکی کوردسات بەناوی بارەگای سەرەکی گۆڕان سەری کێشا.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 مامۆستا ئازاد هورمزیار، بەرپرسی لقی کەرکووکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

بەرپرسی یەکێتی زانایان لە کەرکووک: لە هەرێمی کوردستان بەبێ بینینی مانگ کرایە جەژن

بەرپرسی لقی کەرکووکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، جیاوازیی یەکەم رۆژی جەژن لەنێوان کەرکووک و هەرێمی کوردستان هیچ گرفتێکی شەرعی نییە؛ گوتیشی، ''بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن لە هەرێمی کوردستان، مانگ نەبینراوە.''