رووداو دیجیتاڵ
بەرەى تورکمانى و لایەنە سوننەکانى کەرکووک لەدژى لێدوانەکانى بافڵ تاڵەبانى لە کەرکووک هەڵوێست وەردەگرن. ئەمیرى هۆزى عوبێد دەڵێت: "هەرچەندە هاوپەیمانی یەکێتین، بەڵام جەخت لەسەر بنەماکانمان دەکەینەوە کە کەرکووک عێراقییە".
رۆژی چوارشەممە، 26ـى ئادارى 2025، ساهیرە جبوورى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانى خۆی دەربڕى لەبارەى لێدوانەکانى بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لەو پارێزگایە بەوەى کەرکووکى بە "دڵى کوردستان" ناوبردووە.
ساهیرە جبوورى کە هاوکات ئەندامى فراکسیۆنى هاوپەیمانیى عەزمە، ئاماژەى بەوە داوە، ئەو لێدوانانە لەگەڵ واقیعى دەستووری و کارگێڕیى پارێزگاکە یەکناگرنەوە و پێیوایە: "هەوڵێکە بۆ دەستکاریکردنى ناسنامەى فرەیی شارەکە".
بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتى 25ـى ئادارى 2025، سەردانى کەرکووکى کرد و لە لێدوانێکدا بۆ لایەنگرانى رایگەیاند: "کەرکووک دڵى کوردستان و عێراق و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانە."
بەرەى تورکمانیى یەکگرتوو لە کاردانەوەى ئەو گوتانەى سەرۆکى یەکێتى لە راگەیێندراوێکدا، قسەکانى بە "دنەدەر" ناوبرد و رایگەیاند: "راستییە مێژوویی و جوگرافییەکان بە بەهێز دەمێننەوە بەرامبەر ئەو بانگەشانە کە ئامانج لێیان دەستکەوتى حیزبی و زیانگەیاندنە بە پێکهاتەى کۆمەڵایەتى و پێکەوەژیانى برایانەى کەرکووک".
بەرەى تورکمانى یەکگرتوو داوایان لە سەرۆکوەزیران کردووە، ئاگادارى ئەو دۆخانە بێت کە پارێزگاکە پێیدا تێپەڕ دەبێت لەدواى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی شارەکە.
رۆژی 9ـی ئابی 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.
پێکهێنانى ئەو حکومەتە بەبێ بەشداریى بەرەى تورکمانیى یەکگرتوو، فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان و بەشێک لە لایەنە سوننەکان بوو.
شەوی 26ـى ئادارى 2025، وەسفى عاسى ئەمیرى هۆزى عوبێد لە کەرکووک کە یەکێکە لە کەسایەتیە سوننەکان و هاوپەیمانى یەکێتییە لە حکومەتى خۆجێیی کەرکووک، پەیامێکى لەبارەى ئەو لێدوانانەى بافڵ تاڵەبانى بڵاوکردەوە.
وەسفى عاسى گوتى: "هەرچەندە هاوپەیمانى یەکێتین، بەڵام بۆ لێدوانەکانى بافڵ تاڵەبانى کە دەڵێت 'کەرکووک دڵى کوردستانە'، ئێمەش جەخت لەسەر بنەماکانمان دەکەینەوە کە کەرکووک عێراقییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ