هێزە ئەمنییەکان لە ئیلام رێگرییان لە بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزە ئەمنییەکانی ئێران رێگەیان نەدا ئاهەنگێکی نەورۆز لە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام بەڕێوە بچێت؛ لە شاری مەڵگشاییش بە مەرجی بەشدارینەکردنی ژنان رێگە درا ئاهەنگی نەورۆز سازبکرێت.
 
بڕیار بوو دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لە شاری بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام، ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەبچێت و چەند رۆژێک پێش رێوڕەسمەکەش بانگەوازی بۆ کرابوو، بەڵام رۆژی 26-03-2024 ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران رێگرییان لە هاونیشتمانیان کرد.
 
ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران چەند کەسێکی لە رێکخەرانی رێوڕەسمەکە بردە بنکەی ئەو دامەزراوە ئەمنییە و بەڵێننامەی لێوەرگرتن کە چی دیکە رێوڕەسمی لەو جۆرە رێکنەخەن.
 
بە گوتەی هاونیشتمانییەکی خەڵکی بەدرە بۆ رووداو، خەڵکێکی زۆر بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمەکە چووبوونە شوێنەکە.
 
هەر رۆژی سێشەممە لە شاری مەڵگشای لە پارێزگای ئیلام ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەچوو، بەڵام ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران بە مەرجی بەشدارینەکردنی ژنان رێگەی دا ئاهەنگەکە سازبکرێت.
 
ئاهەنگەکانی تایبەت بە نەورۆز لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند رۆژێک پێش هاتنی نەورۆزەوە دەست پێدەکەن و بڕیارە ئەمڕۆش رێوڕەسم لە هەندێ شوێنی وەک گوندی قەنات ئاباد سەر بە شاری شیروان لە پارێزگای ئیلام و گوندی خەلیفان سەر بە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێ بەڕێوەبچێت.
 
لە پارێزگاکانی ورمێ و کرماشانیش لە رۆژانی رابردوودا رێگری لە بەڕێوەچوونی هەندێ ئاهەنگی نەورۆز کرا.
 
چەندین کەسیش لە رێکخەرانی ئاهەنگەکانی نەورۆز، لە شارەکانی وەک بۆکان و سنە تاوەکو ئێستا دەستبەسەرن.
 
عەلی شەعبانی، جێگری پارێزگاری کرماشان رۆژی 25-03-2024 گوتی، هەندێ گرووپی دەرەوەی وڵات لە هەوڵدان ئاهەنگەکانی نەورۆز بۆ ئامانجی سیاسی بە لاڕێدا ببەن و خەڵک هان دەدەن رەشبەڵەک بکەن.
 
ئێوارەی پێنجشەممەی رابردووش کۆمەڵێک گەنج لە پارکێکی نزیک تاقوەسان لە کرماشان هەڵپەڕکێیان دەکرد و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێیان کرد و دوو کەسیان بریندار کرد.