ئیسلامییەکان نەیانتوانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاوپەیمانیێتی پێکبهێنن

27-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لایەنە ئیسلامییەکان هەریەکەیان بەتەنیا بەشداری دەکەن، هەرچەندە هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی ئیسلامی هەبووە، بەڵام نەگەیشتە ئەنجام.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 10ـی حوزەیرانی 2024 بکرێت، چوار لایەنی ئیسلامی کوردستان بەشداری دەکەن، کە پێکدێن لە: یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، بزووتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی کوردستان.
 
هەرچەندە بەپێی لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی ئەو چوار لایەنە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانیێتییەک "لە ئاستێکی سنووردار" کە نەگەیشتووەتە ئاستی باڵای حیزبەکان، هەبووە، بەڵام دواجار نەگەیشتووەتە ئەنجام.  
 
د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەوڵێک هەبوو، بە نافەرمی و لە ئاستێکی دیاریکراو لەنێوان چەند لایەن و کەسایەتییەکی ئیسلامی بوو، بەڵام بەهۆکاری جیا سەرینەگرت."
 
بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی کوردستان کە لەلایەن کامیلی حاجی عەلییەوە سەرکردایەتی دەکرێت، یەکەمجارە بەو ناوەوە بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات.
 
د. محەممەد بازیانی، گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هۆکاری نەگەیشتن بە پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ ئێمە ئەوەبوو؛ درەنگ مۆڵەتی فەرمیمان وەرگرت، کە وادەی پێکهێنانی هاوپەیمانی تەواو بوو، پێشبینی دەکەین ئەگەر زووتر مۆڵەتمان وەربگرتایە، ئەگەری هەبوو هاوپەیمانیێتی ئیسلامییەکان پێکهاتبووایە."
 
پێشتر چەند جارێک ئیسلامییەکان هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییان داوە، بەڵام کەمجار سەرکەوتوو بوون، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی هاوپەیمانیێتیی 'بەرەو ئیسڵاحیان' بەبێ کۆمەڵی دادگەری راگەیاند، لە خولی چوارەمیشدا هەر سێ لایەنە ئیسلامییەکە 'کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی' بە جیا بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد.
 
لە خولی سێیەمیشدا یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لەگەڵ بزووتنەوەی سۆسیالیست و حیزبی زەحمەتکێشان بەناوی لیستی خزمەتگوزارییەوە بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد.
 
بزووتنەوەی ئیسلامی پێچەوانەی لایەنەکانی دیکەی ئیسلامی پێیانوایە هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی نەبووە، سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندنی ئەو حیزبە بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت: "هیچ لایەنێکی ئیسلامی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی بە ئێمەی نەگوتووە." گوتیشی: "ئێمە لە رابردوودا باجی هاوپەیمانێتیمان داوە، باوەڕناکەم زەمینەی دروستبوونی ئەو هاوپەیمانێتییە هەبووبێت."
 
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، یەکەمجارە بەبێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکى دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندەوەی کورسیی کۆتاکان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024 دوایین رۆژە بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران لەلایەن حیزب و هاوپەیمانێتییەکان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە