حوسێنییە و مزگەوتی گەورەی خانەقین لەتەنیشت یەکدین و جیاوازیی کاتی بانگیان 14 خولەکە

 
رووداو دیجیتاڵ

منارەی حوسێنییەی گەورە و مزگەوتی گەورەی خانەقین لە تەنیشت یەکدین، بەڵام جیاوازیی کاتی بانگی ئێوارەیان 14 خولەکە.
 
رۆژانە لە حوسێنییەی گەورە لە کاژێر 04:30 قورئان دەخوێنرێت تاوەکو نزیکەی بانگی ئێوارە بەردەوام دەبن، پێش 10 خولەک لە بانگی ئێوارە، بڵندگۆی حوسێنییەکە کە تایبەتە بە موسڵمانانی شیعەمەزهەب دەکوژێنرێتەوە و لە بڵندگۆی مزگەوتی گەورەی سوننەمەزهەبەکان قورئان لێدەرێت.
 
پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی خانەقین دەڵێت چەند ساڵە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی "ئێمە، پێش ئەوان بانگبدەین و نوێژ بکەین."
 
سۆفی کەریم، پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی خانەقین بە رووداوی گوت "رێز لەنێوانماندا هەیە، وەک گوتم جیاوازی لەنێوان مەسیحی موسڵمان و شیعە هەیە."
 
لە کاژێر 06:13 خولەک لە مزگەوتی گەورەی خانەقین بانگی ئێوارە دەدرێت، کاژێر 06:27 خولەکیش بانگی ئێوارە لە حوسێنییەی گەورەی خانەقینەوە دەدرێت، واتا جیاوازیی نێوانیان 14 خولەکە.
 
رائید ئەدهەم، بانگبێژە و سەبارەت بە بەیەکەوەژیانی سوننە و شیعەمەزهەبەکان لە خانەقین دەڵێ "وەک ئەوەیە هەر خۆمان بن، یانی نەمان کردوون بە برا کە بڵێن برامانن، چونکە دووردەبێتەوە، واتا هەر وەک خۆمان حیسابمان کردوون، یانی جیاوازیمان نییە، ژن و ژنخوازیمان لەنێوانە لەگەڵ سوننەکان."
 
مەهدی ساڵح، بانگبێژە و باسی ئەوە دەکات "لە هەموو مزگەوتەکانی خۆمان بانگم داوە، تائێستا لە حوسێنییە بانگم نەداوە، بەڵام ئەگەر بانگم بکەن، دەڕۆم."
 
سەید عەباس سەید محەممەد، بانگبێژی حوسێنییەی گەورەی خانەقینیش دەڵێت "رەمەزان بۆ وازهێنانە لە حەرام، جگەرە و نێرگەلە، نەوەک جیاوازیکردن."
 
لە حوسێنییەی گەورە رۆژی 13ـی ی ئادار یەکەم رۆژی رەمەزان بوو، لەکاتێدا لە مزگەوتی گەورە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان 12-3 بوو.