بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە بەشێک لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان نیگەران دەکات

27-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەرماڵەی پیشەیی لە بەشێکی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەبڕێت و یەکێک لەو کەسانەی لە بڕیارەکە زەرەمەندە دەڵێت، لە بەرژەوەندیی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراواندا نییە. بەرپرسێکی وەزارەتی شەهیدانیش پشتگیریکردنیان بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەکان دووپات دەکاتەوە.
 
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە کە لەلایەن رەگەز رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانەوە و رۆژی 18ـی ئەم مانگە واژۆکراوە، دەرماڵەی ناجێگیری پیشەیی کە 150 هەزار دینارە، لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسیی و تواناسازی دەبڕێت و خەرج ناکرێت، لەبەر ئەوەی وەکو لە بڕیارەکەدا هاتووە "بە سوودمەند هەژماردەکرێن."
 
بڕیارەکە ئەوانە دەگرێتەوە کە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە دامەزراون، بەڵام ئێستا لە قۆناخی خوێندنی ماستەرن و لە شوێنەکانی خۆیان لە وەزارەتی پەروەردە مۆڵەتی خوێندنیان کردووە.
 
پشتیوان سدیق، قوتابیی ماستەر، یەکێک لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە بەهۆی ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەوە زەرەری لێدەکەوێت، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە میلاکی وەزارەتی پەروەردەین بۆ خوێندن مۆڵەتمان وەرگرتووە، ئێستا ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە زیانمان پێدەگەیەنێت، چونکە ئەو پارەیە واتە ئەو 150 هەزار دینارە بۆ ئێمە باش بوو."
 
پشتیوان سدیق دەشڵێت، "ئێمە ئەگەر دوو ساڵ بخوێنین، مانگانە بڕی 150 هەزار دینار لە مووچەکانمان ببڕدرێت، ئەوا لەو دوو ساڵە دەکاتە سێ ملیۆن و 600 هەزار دینار، خوێندن بە پارە، واتە بە سیستمی پارالێل لەو دوو ساڵەدا بە چوار ملیۆنە، واتە وەکو ئەوە وایە ئێمە خوێندنمان بە پارە تەواو کردبێت، جیاوازی نییە."
 
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووشیان، ئەو مامۆستایە گوتی، "ئێمە نیگەرانین لەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە، لە ماوەکانی داهاتوودا سەردانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکەین بۆ چارەسەرکردنی."
 
ئەحمەد مام رەسووڵ، بەرێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان، لەبارەی بڕیارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بابەتی دەرماڵە پەیوەندیی بە وەزارەتی شەهیدانەوە نییە و ئەو بابەتە لای وەزارەتی پەروەردەیە، بەڵام ئێمە کرێی خوێندنیان بۆ دەدەین، دەشمانەوێت بگەڕێندرێتەوە بۆیان، هەوڵدەدەین لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە ئەو پارەیەیان بۆ بگەڕێتەوە، چونکە بڕێکی زۆرە و کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات."
 
بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، راپەڕین و سۆران گشتاندنی بۆ کراوە پشتبەستووە بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران و رێنمایی ژمارە 15ـی ساڵی 2012ـی وەزارەتی دارایی و یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2021ـی تایبەت بە مۆڵەتی خوێندن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە