وەزارەتی دارایی عێراق هەفتەی داهاتوو دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی سێی هەرێمی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بڕیاری دا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات بکرێت، دەڵێت لیستی مووچەی مانگی ئاداریشیان بۆ بەغدا ناردووە.
 
‎رووداو زانیویەتی سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام هێشتا دیارنییە رێکارەکان چەند رۆژ دەخایەنن.
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان عێراق بە رووداوی گوت "‎هیچ کێشەیەک نەماوە بۆ مانگی دوو، بۆ مانگی سێش وەکو گوتم بەردەوام دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ رێکبکەون لەسەر رێکارەکانی ئەو هەژمارە بانکییەی پێویستە لەمەودوا مووچەی لێوە دابەشبکرێت."
 
‎بەپێی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی دارایی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی داوای لە دادگای فیدراڵیی عێراق کردووە، لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیان پێبدات، کە ئایا دەتوانن لەرێگەی بانکی ئەهلییەوە هەژمارەکان بکەنەوە یان تەنیا بانکەکانی رافیدەین و رەشید.
 
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی روونە و سەقفێکی زەمەنی دیاری نەکردووە بۆ ئەوەی بیانوو بەدەستەوە نەدات بۆ جێبەجێکردنی، کاتی داوە بۆ جێبەجێکردنی، رەنگە رۆژێک لە رۆژان بکەوینە شتی قەدەخەکراو، بۆیە لەسەر هەرێمە لەئێستاوە دەستبکات بە ئامادەکاری لەگەڵ ئەو بانکانەی وەزارەتی دارایی دیاریکردوون، بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی هەژمارەکان، بۆ ئەوەی ترسی دزەکردنی داتا و زانیارییەکانی فەرمانبەران و خانەنشینان نەبێت و دەستدرێژی نەکرێتە سەر مووچە و شایستە داراییەکان."
 
‎تائێستا زیاتر لە 600 ملیار دینار لەلایەن بەغداوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە، چاوەڕوان دەکرێت بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی شوبات، نزیکەی 300 ملیار دیناری دیکەش بنێردرێت. 
 
‎لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان بەربەستێکی گەورەی بەردەم ناردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوو، بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، چاوەڕێ دەکرێت هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش هەموو مانگێک بەبێ سەرئێشە مووچەکانیان بەدەست بگات.