"شێخی بادینان" خۆی بەربژێر کرد و دەڵێت 100 هەزار دەنگ دەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
"شێخی بادینان"، یەکێکە لە چالاکەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئەمڕۆ لە ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەکو بەربژێر خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد و دەڵێت، ئەو پیکابەی پێشووتر ماسی پێ فرۆشتووە، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەیفرۆشێت، "100 هەزار دەنگیش بەدەست دەهێنم."
ستار خدر ئەحمەد، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە "شێخی بادینان" ناسراوە بە رووداوی گوت، خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرکردووە و کۆمیسیۆن قبووڵی کرد و دەڵێت، " ژمارەی نهێنی"یشی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پێبەخشرا.
ئەو گەنجە بە "شێخی بادینان" ناوبانگی دەرکردووە، دەڵێت، "من کوڕە فەقیرم، بۆیە خۆم هەڵبژارد بۆ ئەوەی خزمەت بە فەقیران بکەم، لەم سنوورەی ئێمە زۆر کەس هاتن و دەنگیان برد و چوونە شارە گەورەکان و ئێرەیان لەبیرچوو، من هەر دەمێنمەوە و خزمەتی شار و گوندەکان دەکەم."
ستار خدر ئەحمەد هەمیشە بە گرتە ڤیدیۆیەکانی، بە قسەکانی و تەنزەکانی و بە بانگەشەکانی بۆ "ماسیی هەرزان"دەناسرێتەوە، چەند ڤیدیۆییەکیشی هەیە تێیدا خواردن بۆ هەژاران دابیندەکات.
"شێخی بادینان" لەدایکبووی 1986ـە، دانیشتووی ناحیەی کەڵەکە و باوکی سێ منداڵە، پێشبینی دەکات لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 10ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، دەنگی "زۆر" بەدەستبهێنێت، گوتی "من زیاتر لە 100 هەزار دەنگ بەدەست دەهێنم، دڵنیام دەردەچم."
سەبارەت بەوەی تەنیا "ماسی خۆرەکان" یان"ماسی فرۆشەکان" دەنگی پێدەدەن، گوتی، "من هەموو خەڵک دەنگم دەداتێ، لە هەموو عەشیرەت و شوێنێک لە کەڵەکەوە تاوەکو زاخۆ، هەموو خەڵکی ئاکرێ و بەنێنان و زاخۆ، دارەتوو و تەواوی شار و گوندەکانی دیکەش."
بۆ دابینکردنی پارەی بانگەشەی هەڵبژاردن، شێخی بادینان گوتی، "من ئۆتۆمبێلێکم هەیە کە پیکابێکی دێرە، بڕیارە بیفرۆشم نزیکەی 4000 دۆلار دەکات، هەندێک دەوڵەمەندیش بەڵێنیان پێداوم، ئیدی بانگەشە دەکەم." گوتیشی، "شار بە شار و گوند بە گوند بگەڕێم، بە پێ و بە سەیارە بڕۆم و بانگەشە بکەم و هەمووی بڵاو بکەمەوە، چۆن دەرناچم؟، دەردەچم پشتیوان بە خوا، من کوڕە فەقیرم و ناگۆڕێم."
شێخی بادینان لە قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، کە "من کوڕە هەژارم، پێشووتر چێشتخانەیەکم لەسەر رێگەی کەڵەک هەبوو، بەڵام حکومەت لێی قەپات کردم." لەبارەی هۆکاری داخستنەکەوە گوتی، " لەبەر ئەوەی ماسیم بە هەرزان دەفرۆشت" ئەو ئێستا لە کۆڵانەکان بە پیکابەکەی ماسی دەفرۆشێت.
شێخی بادینان دەڵێت، "من ناگۆڕێم، ئێستا چۆنتان من بینیوە هەر وا دەمێنمەوە؛ لە پەرلەمانیش دەبمە ئۆپۆزیسیۆن."
بڕیارە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 10ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، لەو هەڵبژاردنە ژمارەیەک کەس، بە تایبەتی کە هەندێکیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ناسراون، خۆیان بەربژێر کردووە.