پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە لەبارەی هەڵبژاردن و بودجەی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین، بەڵام دوور لە دەستتێوەردانی دەرەکی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەکانی دادگەی فیدراڵ، کە ئامانج لێی شکاندنی پارتی بێت."

لەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستانیش سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، "ناكرێت مامەڵەی سیاسیانە لەگەڵ بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان بكرێت بۆ لاوازكردن و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان،" بە پێویستی زانی چارەسەرەكی یەكلاكەرەوە بۆ بابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان دابنرێت.

رۆژی چوارشەممە 27ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد. لە کۆبوونەوەیاندا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاڵۆگۆڕ كرا.

پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردن، بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە، "هەر لە ساڵی 1991ـەوە پارتی دەستپێشخەری هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی بووە و هەمیشەش لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێناوە. ماوەی دوو ساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوادەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگەی فیدڕاڵ و بەپێی ئەجێندای دەرەكی دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت."

 
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، "خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین، بەڵام دوور لە دەستتێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگەی فیدڕاڵ، كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت." ئاماژەی بەوەش کردووە، "ناچینە ژێر باری بڕیاری نادەستووریی دادگەی فیدڕاڵ، كە تێیدا دادگە خۆی خستووەتە جێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن."

هەروەها سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە، تێبینی و داواكارییەكانی پارتی، "یاسایی و لە چوارچێوەی دەستوور و لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی راست و رەوا و بێگەردە."

لە بەشێكی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستووەتە سەر "سیاسەتی برسیكردن و بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان" و جەختی لەوە کردووەتەوە، "ناكرێ مامەڵەی سیاسییانە لەگەڵ بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان بكرێت بۆ لاوازكردن و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان." بە پێویستیشی زانی، "چارەسەرێكی یەكلاكەرەوە بۆ بابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان دابنرێت."

وەکو لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، سەرۆک بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان روونكردەوە، "ئێمە پشتئەستوورین بە رەوایەتیی دۆزی گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان بە خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستان دروستبووە، نەك بە بڕیاراتی دەرەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان."

هەر لەو دیدارەدا و بەپێی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەكەی هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە تائێستا بە بایەخەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و پاڵپشتیەتی، "لەگەڵ هەرێمی كوردستانی بەهێز و سەقامگیر دایە."

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق باسی لەوەش كردووە، "رۆڵی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان گرنگە و پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بەبێ رۆڵی پارتی پرۆسەیەكی كامل نابێت و دەیانەوێت یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان." راشیگەیاندووە، "لە نیگەرانییەكانتان تێدەگەین، بۆیە لێرەین بۆئەوەی بزانین چۆن بەشدار و هاوكار بن بۆ چارەسەری كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرد."