ئەمڕۆ ئەردۆغان لە ئامەد و ئێلیهـ گوتار پێشکێش دەکات


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی پڕۆگرامی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاژێر 12.00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئامەد گوتار پێشکێش دەکات.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-3-2024، سەردانی هەریەک لە پارێزگاکانی ئامەد و ئێلیهـ لە باکووری کوردستان دەکات و کۆبوونەوەی جەماوەری رێکدەخات.
 
ئەردۆغان ساڵی 2005 لە گۆڕەپانی ئستاسیۆن لە ئامەد کە بڕیارە ئەمڕۆ گوتاری تێدا پێشکێش بکات، گوتی، "کێشەی کورد کێشەی منیشە" و دواتر چەندین هەنگاوی لەو بوارەدا نا.
 
بەشێک لە میدیای تورکیا بایەخێکی تایبەت بە گوتارەکەی ئەمڕۆی ئەردۆغان دەدەن و مەبەستیانە بزانن سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لەبارەی پرسی کورد چی دەڵێت.
 
لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەی ئامەد چاوەڕێ دەکرێت، محەممەد هاڵیس بیلدەن، بەربژێری ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئامەدیش گوتار پێشکێش بکات.
 
ئەردۆغان لە دوای کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی ئامەد، بەرەو پارێزگای ئێلیهـ بەڕێ دەکەوێت و لەوێش کۆبوونەوە و گوتاری دەبێت.
 
ماوەیەکە باس لە گۆڕینی شارەوانیی ئێلیهـ بۆ گەورەشارەوانی دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت ئەردۆغان ئەمڕۆ مژدەکە بە خەڵکی ئیلیهـ بدات.
 
بەگوێرەی سیستمی ئێستای تورکیا، لە 81 پارێزگەکەی تورکیادا 31 گەورەشارەوانی و 51 شارەوانی هەن. لەگەڵ گەورەبوون و پێشکەوتنی شارەکان شارەوانییەکە دەگۆڕدرێت بۆ گەورەشارەوانی.