قایمقامی دەربەندیخان: تەرمی ئەو گەنجەی لە بەنداوەکە خنکا نەدۆزراوەتەوە و 'بەرگریی شارستانیمان بەلەمی نییە'

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای هەفتەیەک لە گەڕان، هێشتا تەرمی هاونیشتمانییەکەی نێو بەنداوی دەربەندیخان نەدۆزراوەتەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "ئەمڕۆ تیمێکی گەڕان لە قەزای حەویجەوە هاتوون بۆئەوەی بە کامێرای پێشکەوتوو بەدوای تەرمەکەدا بگەڕێن. ئەو کامێرایە دەتوانێت دیمەن لە قووڵیی 100 مەترەوە بۆ سەرەوە بگوازێتەوە."
 
شەوی 21ی ئەم مانگە سێ هاونیشتمانی بۆ راوەماسی چوونە بەنداوی دەربەندیخان و لەگەڵ کارپێکردنی بەلەمەکەیان هەرسێکیان کەوتنە نێو بەنداوەکە و دواتر دووانیان خۆیان رزگار کرد و کەسێکیان بەناوی سامان عەبدوڵڵا کە لەدایکبووی ساڵی 1986ە و خەڵکی دەربەندیخانە تائیستا نەدۆزراوەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 27-03-2023 سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر داوای ئێمە، تیمێک لە قەزای حەویجەوە هاتوون کە کامێرایەکی پێشکەوتوویان پێیە و دەتوانێت لەنێو 100 مەتر قووڵیی دەریادا دیمەنی روون بگوازێتەوە بۆ سەرەوە. ئەو تیمە لە کاژێر 8:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە دەستی بە گەڕان کردووە، بەڵام کامێراکە دەتوانێت نیو کاژێر لەژیر بەنداوەکە کار بکات دواتر دەبێت بهێندرێتە سەرەوە و دووبارە شەحن بکرێت، بۆیە بەو شێوەیە بەردەوامن لە گەڕان."
 
قایمقامی دەربەندیخان دەشڵێت، "داوامان لە وەزارەتی ناوخۆ و تەنانەت پەرلەمانتارانی بەغداش کردووە هاوکارمان بن بۆ ئەوەی ئامێری پێشکەوتوومان دەستبکەوێت بۆ گەڕان بەدوای گەنجەکە، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیڵێن ئەوەیە هیچ ئامێرێک نییە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش توانای گەڕانی لە قووڵیی 50 مەترەوە هەبێت."
 
بە گوتەی سلێمان محەممەد، تاوەکو ئێستا بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان خاوەنی بەلەم نییە و دەشڵێت، "لە شوێنی رووداوەکە دوو تیمی فەرمی هەن کە تیمی بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان و تیمێکی لیوای 1ی پاراستنی سلێمانین. سێ بەلەمی حکومیش لەوێن کە یەک بەلەمی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان، یەک بەلەمی بەنداوی دەربەندیخان و دوو بەلەمی لیوای پاراستنی سلێمانین؛ تائێستا بەرگریی شارستانی دەربەندیخان بەلەمی نییە و ئەوەی هەیە بەلەمی خەڵکن و ئەوانیش بۆ مەبەستی راوەماسی بەکاردەهێندرێن."
 
قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە بەلەمیان بۆ دابین بکەن. سلێمان محەممەد دەڵێت، " داوام کردووە بە پەلە کامێرایەکی تایبەت بە گەڕانمان بۆ بنێرن و بەلەمێکی تایبەت بە دەربەندیخان، بەڵام تائێستا وەڵام نییە."