چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان: بردنەژوورەوەی مادەی هۆشبەر بۆ نێو چاکسازییەکان 90٪ بنبڕکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆی 5000 سزادراوی نێو چاکسازییەکان زیاتر لە 1000 کەسیان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون، لەو ژمارەیەش نزیکەی 400 کەسیان بازرگان بوون؛ دەشڵێت: "بردنەژوورەوەی مادەی هۆشبەر بۆ نێو چاکسازییەکان، بەڕێژەی 90٪ بنبڕکراوە".
رۆژی دووشەممە 27-03-2023 ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەر کەسێک دەچێتە نێو چاکسازییەکان بە سێ دەرگادا تێدەپەڕێت. نزیکەی دوو مانگە لە دەرگای سێیەم ئامێرێکی سۆنار بۆ پشکنین دانراوە و هەر کەسێک مادەی هۆشبەری پێبێت و بیەوێت بیباتە ژوورەوە، لە رێگەی ئەو ئامێرەوە ئاشکرا دەبێت؛ بۆیە ئێستا رێکارەکان تووندکراون و دەتوانم بڵێم 90٪ رێگری لە بردنە ژوورەوەی مادەی هۆشبەر دەکرێت".
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان "ئەگەر هەر بردنەژوورەوەیەکی مادەی هۆشبەر بۆ نێو چاکسازییەکان هەبێت، ئەوە ئەوانەن کە لە رێگەی پەیوەندی کەسییەوە دەیبەن، ئەگینا بەگشتی لەرێگەی ئامێری سۆنارەوە رێگری لە هەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە بە دەرگاکاندا تێپەردەبن و مادەی هۆشبەریان پێیە".
پێش جەژنی نەورۆز، لە چاکسازییەکانی سلێمانی باوکێک دەستگیرکرا کە دەیویست مادەی هۆشبەر بۆ کوڕەکەی بباتە ژوورەوە. ئیحسان عەبدولرەحمان دەڵێت: "ئەو باوکە لەرێگەی ئامێری سۆنارەکەوە ئاشکراکراوە. کەسانی دیکەش هەبوون کە لەم دوو مانگەدا گیراون. ژنمان گرتووە مادەی هۆشبەری بۆ هاوژینی بردووەتەوە ژوورەوە. لە هەموو چاکسازییەکان لەو بابەتانە هەیە".
شەش چاکسازی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ دوو چاکسازی لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دوو لە دهۆک، زیاتر لە 5000 سزادراو لەنێویاندا سزاکانیان بەسەردەبەن. ئیحسان عەبدولرەحمان دەڵێت: "لەکۆی ئەو پێنج هەزار سزادراوەی لەنێو چاکسازییەکانن، هەزار کەسیان بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر بوون و لەو ژمارەیەش 400ـیان بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون."
بەگوتەی ئیحسان عەبدولرەحمان، هەستیان بەوەکردووە کە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە زیادبووندایە و دەشڵێت: "خێزانەکان دەبێت کاربۆ ئەوە بکەن منداڵەکانیان باش پەروەردە بکەن و یارمەتیدەریان بن لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دووربکەونەوە، بەڵام پێچەوانەکەی دەکرێت و هەوڵ هەبووە کە خێزانەکان مادەی هۆشبەر بۆ منداڵەکانیان دەبەنە ژوورەوە. بۆ ئەوەش ئاسایش و دەزگا پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردوونەتەوە کە سنوورەکان، نێو شارەکان، چایخانەکان کۆنترۆڵ بکەن، چونکە مادەی هۆشبەر زیاتر لە نێو بازاڕەکان و چایخانەکان ساخ دەکرێتەوە".
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوە کرد، پێشتر لەنێو چاکسازییەکان مادەی هۆشبەر بە سزادراوان دراوە، بەڵام ئێستا رێکارەکانیان تووندتر کردووە و دەڵێت: "کەسانێک هەبوون لەنێو چاکسازییەکان کە کاریان بۆ بەکارخستنی سزادراوان کردووە و پێشتر تاوەکو ماوەیەکی زۆر لە چاکسازییەکان دەبوون، بەڵام ئێستا دوو مانگ و سێ مانگ جارێک ئەو کەسانەش دەگۆڕین بۆ ئەوەی رێگری لەوە بکەین پەیوەندی کەسی دروستبکەن".
بۆ هۆشیارکردنەوە و پێدانی رێنمایی بە سزادراوانی نێو چاکسازییەکان و بەتایبەتی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر، ئیحسان عەبدولرەحمان دەڵێت: "ئەمڕۆ لەگەڵ یەکێتی زانایان رێکدەکەوین بۆ ئەوەی لە چاکسازییەکان سیمینار بۆ بەکارهێنەران لەبارەی زیانەکانی مادەی هۆشبەر پێشکێش بکەن. داوامان کردووە لە دەرەوەش لە نوێژی هەینییدا گوتاربێژان پێنج بۆ 10 خولەکی گوتارەکانیان تایبەت بکەن بە زیانەکانی مادەی هۆشبەر، تیرۆر و سواڵکردن".