شاخەوان عەبدوڵڵا: هیچ کوردێک لە کەرکووک و شنگال مافی دەنگدانی نافەوتێ

28-03-2023
هیدایەت جان
گفتوگۆی رووداو د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
گفتوگۆی رووداو د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پەسندکرا و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "بەپێی ئەو یاسایە، هیچ عەرەبێکی هاوردە ناتوانێت لە کەرکووک دەنگبدات و مافی دەنگدانی هیچ کوردێکیش لە کەرکووک و شنگال نافەوتێت." 
 
رۆژی دووشەممە 27ی ئاداری 2023، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "ئەو خاڵانەی لە یاساکە بەلای ئێمەوە گرنگ بوو، بابەتی دەنگدانی ئاوارەکان و پرسی کەرکووک و کۆتاکان بوو. لە رەشنووسی یاساکەدا ستەم لە ئاوارەکان کرابوو، بەڵام ئێمە توانیمان راستی بکەینەوە و ئەو ستەمە نەهێڵین." 
 
بە گوتەی د. شاخەوان عەبدوڵڵا، عەرەب و تورکمان پرۆژەیان هەبوو کە هەڵبژاردن لە کەرکووک نەکرێت، تا ئەو کاتەی پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران دەکرێت و سەرۆکوەزیران بە رێککەوتن لەگەڵ نوێنەرانی کەرکووک، کاتێکی دیکە بۆ هەڵبژاردن دیاریبکات، بەڵام گوتی، "ئێمە ئەوەمان رەتکردەوە و سەرژمێری ساڵی 1957مان وەکو بنەما بۆ هەڵبژاردنەکە چەسپاند." 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "هەموو ئەو کوردانەی مامەڵەی مادەی 140یان کردووە و ئەوانەش، کە داواکاری ئەو مامەڵەیان پێشکێشکردووە، مافی دەنگدانیان لە کەرکووک دەبێت و بەمەش هیچ هاووڵاتییەکی کورد لە کەرکووک بێبەش نابێت، ئێستا بەپێی یاسا پەسندکراوەکە ئاوارەی کەرکووک و شنگال لە هەر کوێیەک بن، دەتوانن لەو شوێنە دەنگ بدەن." 
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بە بنەماگرتنی سەرژمێری ساڵی 1957 بۆ دەنگدان لە پارێزگای کەرکووک رەتدەکاتەوە. د. شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "یەکێتی لەم بابەتەدا تووشی هەڵەتێگەیشتن بوون و پرسیاریشیان نەکرد بۆ ئەوەی بۆیان روونبکەینەوە، بۆیە پەلەیان کرد لە دەرکردنی راگەیێندراوەکە، ئێمە لەبەر ئەوە سەرژمێری ساڵی 1957مان کردە بنەما، بۆ ئەوەی هەرچی عەرەبی هاوردەی دوای ساڵی 1957ە نەتوانێت لە کەرکووک دەنگ بدات." 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: "خەڵکیان بە جۆرێک تێگەیاندووە، ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت و کوردیش تێیدا زۆرینەی دەنگەکان بهێنێتەوە، پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد نابێت، ئەو دەنگۆیە بۆ ئەوە بڵاوکرایەوە خەڵک بێهیوا بکەن، ئەگینا یاسای ئەنجوومەنی پارێزگا بەرکارە و هەر لایەنێک زۆرینە بێت، پارێزگار لەو لایەنە دەبێت." 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا بە پێویستی دەزانێت: "لە ئێستاوە دەبێ کورد لە کەرکووک خۆی بۆ دەنگدان ئامادە بکات، لەبەر ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان گرنگترە و لە رێگەیەوە ئیدارەی شارەکە دەگۆڕدرێت. بەدەر لەمەش ئەو یاسایە نەما کە دەبێ پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک بە شێوەی یەکسان لەنێوان پێکهاتەکان دابەشبکرێت، لەو یاسایە ئێستا ئاماژە بەوە دراوە کە پۆستەکان بەشێوەی دادپەروەرانە و بەپێی شایستەی دەنگەکان دابەشبکرێت." 
 
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق، مەسیحییەکان بەسەر دوو بازنەی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دابەشدەبن و دوو کورسی بۆ مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ دەستنیشانکراوە. شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "پێشتر دەنگەکانیان بۆ نەجەف و بەغدا و مەسیحی شارەکانی دیکە عێراق دەچوو، بەڵام یەکێتی و هادی عامری و هەندێک هێزی دیکە لەگەڵ رەیان کلدانی بوون و نەیاندەویست بازنەی هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام دواجار زۆرینە دەنگیان بە دوو بازنەی هەرێمی کوردستان و عێراقدا." 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا رەتیدەکاتەوە کە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنی پێشوەختەیان لەگەڵ پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمانی کەرکووک کردبێت بۆ تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردن و دەڵێت: "ئەوان پرۆژەی خۆیان هەبوو و دەیانویست هەڵبژاردن لە کەرکووک نەکرێت و پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران بکرێت و دواتر سەرۆکوەزیران کاتێکی دیکە دیاریبکات بۆ هەڵبژاردنی کەرکووک، بەڵام ئێمە هەموو ئەو پرۆژانەمان لە گۆڕ نا و ئەم یاسایەی ئێستا پەسندکراوە، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کورد." 
 
سەبارەت بە هەڵوێستی رەوتی سەدر  لەبارەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: "سەدرییەکان لەسەر ئەم یاسایە هیچ پەیامێکیان بۆ پەرلەمان نەناردووە، ئەگەر سەدرییەکان بەشداری هەڵبژاردنیش بکەن، لەبەر ئەوەی هێزێکی رێکخراون، بەو یاسا نوێیەش زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەهێنن، بۆیە کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ یاساکە نییە." 
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە کۆمەڵێک رێکار دا بۆ لەکارلادانی راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت و گوتی: "کارمان لەسەر نەهێشتنی پارێزگاری ئێستای کەرکووک کردووە هەموو رێکارەکانمان تەواو کردووە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانیش قسەمان کردووە کە ناکرێت لەبەر ئەوەی پێکهاتەکان لەگەڵ یەکدی ناکۆکن، دەبێ کەسێکی گەندەڵ لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بمێنێت، بۆیە هەموو ئاراستەکان بەرەو ئەوە دەچن کە پارێزگاری ئێستای کەرکووک پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پۆستەکەی لابدرێت." 
 
خالید شوانی: یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان کوردی رەسەنی کەرکووک لە دەنگدان بێبەش دەکات
 
خالید شوانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە وردەکاریی دانوستاندنەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە کەرکووک دەکات و دەڵێت، بەپێی ئەو یاسایەی ئێستا دەرچووە، کوردی رەسەنی کەرکووک لە دەنگدان بێبەشدەبن و سەرجەم عەرەبی هاوردە مافی دەنگدانیان دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە 28-03-2023 د. خالید شوانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو میوان بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیدەکات؛ رایگەیاند: "ئەو بڕگەیە لە یاسای هەڵبژاردنەکان کە پەیوەندی بە کەرکووکەوە هەیە، لەڕووی یاسایی و دیموگرافییەوە یاسایەکی خراپە و دەنگدەرانی کوردی کەرکووک زیانی گەورەی لێدەکەن."
 
د. خالید شوانی گوتی، "بەپێی ئەم یاسایە، ناوی زۆربەی کوردانی رەسەنی کەرکووک کە لە ساڵی 1957ەوە سەر بە پارێزگای کەرکووک بوون، دەکەونە بەر مەترسیی سڕینەوە و لابردنی ناوەکانیان و لە بەرامبەردا ئیمتیازی زۆر بە عەرەبی هاوردە دراوە، کە بەپێی یاساکە مافی ئەوەیان پێدەدرێت ناویان لەناو تۆماری دەنگدەراندا بمێنێتەوە."
 
عەرەب و تورکمانی کەرکووک داوای زیندووکردنەوەی مادەی 35یان دەکرد، کە بەپێی ئەو ماددەیە سەرۆکوەزیرانی عێراق مافی دواخستنی هەڵبژاردنی هەیە لە کەرکووک، بەڵام ئەو ماددەیە هەڵوەشێندرایەوە.
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت: "من لەلایەن یەکێتییەوە کرام بە سەرپەرشتیاری شاندی یەکێتی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا کارمان لەسەر بابەتەکە کرد، بەڵام ئەو مادەیەی دەنگی لەسەردرا، هەمان ئەو مادەیە نییە، کە ئێمە رۆژی پێشووتر لەگەڵ عەرەب و تورکمان لەسەری رێککەوتین."
 
مادەکە بە گوتەی خالید شوانی، باسی لەوە دەکرد کە لیژنەیەک لە کۆمسیۆنی باڵا و چەند وەزارەتێکی تایبەتمەند پێکبێت بۆ بەراوردکردنی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک لەسەر بنەمای سەرژمێری ساڵی 1957، هاوکات ئەو ئاوارانەی مادەی 140 دەیانگرێتەوە و ئەوانەش کە مامەڵەکانیان پێشکێشکردووە مافی دەنگدانیان دەبێت، بڕگەیەکی دیکەش لەبارەی ئەوەیە کە هەندێک کورد هەن مادەی 140 نایانگرێتەوە، بەڵام کاتی خۆی رانەگوێزراون یان فۆرمی خۆراکیان هەر سەر بە کەرکووک بووە، دەبێ مافی دەنگدانیان هەبێت.
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت: بەپێی ئەو یاسایەی ئامادەیان کردبوو، نزیکەی 150 هەزار عەرەبی هاوردە کە لەدوای ساڵی 1957 هێنراون بۆ کەرکووک، ناویان لە تۆماری دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە دەسڕایەوە، بەڵام عەرەب ناڕازیبوون و گوتیان ئەگەر بەو یاسایە بێت، ناحیەی زاب بێبەشدەبێت لە دەنگدان و ئێمەش ناحیەی زابمان زیادکرد، رۆژی دواتر زانیمان ناحیەی سەرگەڕانیش لە ساڵی 1976 هاتووەتە سەر پارێزگای کەرکووک و لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان رێککەوتین کە ناحیەی سەرگەڕانیش زیاد بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.