کۆنسوڵی هیندستان: رۆژانە 20 بۆ 30 ڤیزا بە خەڵکی کوردستان دەدەین


رووداو دیجیتاڵ 

سوبهاش چاندرا کەین، کۆنسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر باس لەوە دەکات، پەیوەندیی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان لە رووی بازرگانییەوە لە ئاستێکی "زۆر باش"دایە، بەڵام وەبەرهێنانی هیندستانی لە هەرێمی کوردستان، "لە ئاستێکی ئەوتۆدا نییە."
 
کۆنسوڵی گشتیی هیندستان رۆژی دووشەممە لە بەرنامەی نوڕۆژی رووداودا بەشداربوو و ئاماژەی بەوە کرد، "پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە." گوتیشی: "ئێمە پەیوەندیی کولتووری و ئابووریمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە."
 
سوبهاش چاندرا باسی لەوەکرد، "ئێمە وەکو کونسوڵخانە، بەردەوام هەوڵی زیادکردنی پێکەوەکارکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەدەین. لەسەر ئاستی سیاسیش، مانگی رابردوو جێگری وەزیرێکی هیندستان هاتە هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە کرا. ساڵی رابردووش چەند سەردانێک هەبوو."
 
کۆنسوڵی گشتیی هیندستان هاوکات گوتی، لەسەر ئاستی کولتووری، ئەوان پەیوەندیی "باش"یان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، گوتیشی: "لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ئێمە زۆر لێکنزیکین. کورد و خەڵکی هیندستان لە رووی کولتوورییەوە زۆر لێکنزیکن."
 
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هیندستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشچووندان، ئەمە بە گوتەی کۆنسوڵی ئەو وڵاتە، کە دەشڵێت: "لەگەڵ عێراقیش بە گشتی پەیوەندییەکە بە هەمانشێوەیە. پێموانییە پەیوەندییەکان بەرەوپێشنەچن، بەڵکو بەرەوپێش دەڕۆن."
 
پەیوەندییە بازرگانییەکان
 
سوبهاش چاندرا کەین روونیکردەوە کە دوای کۆرۆنا، پەیوەندییەکان "زۆر باشبوون"، لە کاتێکدا کە تەممووزی رابردوو شاندێکی بازرگانی لە هیندستانەوە سەردانی هەرێمی کورستانی کرد و لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکان و وەزیرەکان و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێناندا کۆبوونەوە.
 
کۆنسوڵی گشتیی هیندستان ئاماژەی بەوەکرد، چەندین کۆمپانیای وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەڵام گوتی: "پێویستە بە راشکاوی بڵێم وەبەرهێنان لە ئاستێکی ئەوتۆدا نییە، ئەگەرچی پەیوەندییە بازرگانییەکان زۆر باشن."
 
بە گوتەی کۆنسوڵ، بازرگانە کوردەکان "پەیوەندیی راستەوخۆیان" لەگەڵ هیندستاندا هەیە، "ساڵانە لە نێوان دوو هەزار بۆ سێ هەزار کۆنتێنەری برنج لە هیندستانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
 
کۆنسوڵی هیندسان باس لەوە دەکات: "برنجی بەسمەتیی هیندی لە هەرێمی کوردستان زۆر بەناوبانگە. لە هەموو ماڵێکدا برنجی هیندی لێدەنرێت."
 
هەروەها باسی لەوە کرد، هەرێمی کوردستان "بڕێکی زۆری دەرمان لە هیندستانەوە هاوردە دەکات. هەروەها سیرامیک، بەردی جوانکاری، کوتاڵ و چەندین شتی دیکە لە هیندستانەوە بە بڕێکی زۆر هاوردە دەکرێن."
 
کۆنسوڵی هیندستان گوتی، ئەوان ساڵانە سەردانێک بۆ بازرگانە کوردەکان رێکدەخەن بۆ ئەوەی بڕۆنە هیندستان و بەشداری لە فێستیڤاڵی خواردندا بکەن، "کە ئەمە لە لایەن کۆنسوڵخانەوە سەرپەرشتی دەکرێت."
 
هەروەها کۆمپانیاکانی هیندستانیش بۆ بەشداریکردن لە چەندین فێستیڤاڵ و پێشانگەدا دێنە هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی کۆنسوڵ، "خەڵکی هیندستان هێدی هێدی زیاتر لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە دەزانن. ئێستا لە هیندستان شارەزایێکی زیاتر لە بارەی هەرێمی کوردستان هەیە."
 
کونسوڵی گشتیی هیندستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان زانیاری لە بارەی "سەقامگیری"ی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا هیندستانییەکان دەدەن بۆ ئەوەی هانیانبدەن بێنە ئێرە و وەبەرهێنان بکەن، هەروەها سیاسەت و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە "باش" و "ئاسانکەر" ناوبردن. 
 
هێزی کاری هیندستانی لە هەرێمی کوردستان 
 
لە بارەی ئەوەی کە چەند خەڵکی هیندستان لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، کۆنسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە بە رووداوی گوت: "ئێمە ژمارەیەکی وردمان نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت هەشت هەزار هیندستانی لە کوردستان بژین و کاربکەن، من تەنیا باس لە هەرێمی کوردستان دەکەم، واتە چوارە پارێزگاکە. ئەوان لە چەندین بواری جیادا کاردەکەن، لە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانەوە بگرە، تا دەگاتە، سەرۆکی دارایی، بەڕێوەبەری دارایی، سەرپەرشتیار و مامۆستای زانکۆ. چەندین مامۆستای زانکۆی هیندستان لێرەن لە هەرێمی کوردستان و لە زانکۆ تایبەتەکانی هەولێر و سلێمانی وانە دەڵێنەوە."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ژمارەیەکی زۆری" کرێکاری هیندستانی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن: "نیوەی زیاتری کارمەندانی کارگەکانی ئاسن لە هەولێر و سلێمانی، خەڵکی هیندستانن." 
 
گەشتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ هیندستان
 
کۆنسوڵی هیندستان دەڵێت: "رۆژانە 20 بۆ 30 ڤیزا بە خەڵکی کوردستان دەدەین بۆ ئەوەی سەردانی هیندستان بکەن،" دەشڵێت: "لەم مانگانەی دواییدا، ژمارەی ڤیزا گەشتیارییەکان زیادیکردووە. ئێمە هەروەها ڤیزای پزیشکی، ڤیزای بازرگانی، ڤیزای خوێندنیش دەدەین. بەڵام ڤیزای گەشتیاری بە دیاریکراوی زیادیکردووە لە چوار پێنج مانگی رابردوودا."
 
ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەردانی هیندستان دەکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، لە کاتێکدا "دامەزراوە تەندروستییەکانی هیندستان لە ئاستی جیهانیدان و نرخیان گونجاوە،" ئەمە بە گوێرەی کۆنسوڵی ئەو وڵاتە کە دەڵێت: "سەربەرزم کە خەڵکێکی زۆری هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری پزیشکی روو لە هیندستان دەکەن."
 
بە گوتەی کۆنسوڵ، "ژمارەیەکی زۆری پزیشک لە هیندستانەوە" دێنە هەرێمی کوردستان و لە نەخۆشخانەکانی ئێرە کاردەکەن، گوتیشی، لە داهاتوودا هاوئاهەنگییەکە زیاتر دەکەن. 
 
فیلمی هیندی 
 
لەبارەی خولیای خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ بوڵیوود، سوبهاش چاندرا کەین باسی لەوە کرد، "کە دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر هاتمە ئێرە، سەرسامبووم بەوەی کە چۆن خەڵکی هەرێمی کوردستان خولیای فیلم و سینەما و زنجیرە درامای هیندستانین،" هەروەها باسی لەوەشکرد، "ژمارەیەکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو رێگەیەوە فێری زمانی هیندی بوون." 
 
سەبارەت بە هەوڵەکانی هێنانی ئەستێرە گەورەکانی سینەمای هیندستان بۆ هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵی ئەو وڵاتە گوتی: "ئێمە لەو بارەیەوە قسەمان لەگەڵ چەند کەسێکی نێو پیشەسازیی سینەمادا کردووە، چونکە ئێوە دیمەنی زۆر جوانتان بۆ فیلم هەیە. دەزانم کە هەندێ لایەنی هەرێمی کوردستان پێشنیاریانکردووە، ئەگەر ئەستێرە سینەماییەکانی هیندستان بێنە هەرێمی کوردستان، خزمەتگوزارییەکانیان بێ بەرامبەر بۆ فەراهەم دەکەن. ئێمە هەندێ بەرەوپێشچوونمان لەم بوارەدا هەبوو و قسەمان لەگەڵ خەڵکی نێو سینەمای هیندستانیدا کرد. من خۆم دڵخۆش دەبم ئەگەر ئەستێرە هیندییەکان بێنە ئێرە و لێرە فیلم دروستبکەن."